رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک بەشێک لە جووتیاران دەستیان بە دروێنەی پێشوەختە کردووە، ئەوەش لە ترسی رێگریی سوپا و گێچەڵی هاوردەکان، بۆیە کێشەی ئەوەیان هەیە گەنمەکەیان تەڕە و لەبری سایلۆ، جووتیاران ناچارن لە بازاڕی دەرەوەدا بە نرخێکی کەمتر ساخی بکەنەوە.
فاخیر ئیسماعیل، جووتیاری پەڵکانە بە رووداوی گوت، "بەخێرایی دوریمانەوە، گەنمەکانمان ئێستا کێشەی ئەوەیە تەڕە، تەڕیش لە سایلۆ وەرناگیرێت یان پارەی کەمی لێ وەردەگرن، ئەوە ئێستا هەموویمان هێناوە بۆ پاککردنەوە."
دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە گەنم نۆرەیان گرتووە و لە چاوەڕوانیی کردنەوەی سایلۆدان. بەبازاڕکردنی گەنم لە سایلۆکانی کەرکووک دەستیپێکرد. بەرپرسانی حکومەتی عێراق سایلۆکانیان راسپاردووە گەنمی بە پلان و بێ پلانیش وەربگرن.
حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت، "بە پلان و بێ پلان رادەست دەکرێت، هەندێک لایەنی لاوەکی هەن وەک ئەوەی گرێبەستی هەیە یان نا، ئەوە پسپۆڕیی وەزارەتی کشتوکاڵە، لە زۆربەی کۆبوونەوەکان رێککەوتین ئاسانکاری بۆ جووتیاران بکرێت."
لە پارێزگای کەرکووک پێشبینی دەکرێت رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لەنێوان 450 بۆ 500 هەزار تۆندابێت. سایلۆ بۆ یەک تۆن گەنم 850 هەزار دیناری دیاریکردووە، لە تاقیگەکان پشکنین بۆ دانەوێڵە دەکرێت و دواتر وەردەگیرێت. ئەگەرچی ئەمساڵ نمرە بۆ گەنم دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی کوالێتییەکەی پارەی لێ کەم دەکرێتەوە.
شەرەف ئەحمەد، بەرپرسی ئەندازیارانی بەشی تاقیگەی سایلۆی کەرکووک گوتی، "گەنم بەپێی رێنماییەکان یەک پلەیە، پلە یەک و دوو نییە وەک ساڵانی پێشوو، بۆ نموونە ئەم گەنمە لەکاتی پشکنین دەرکەوت پیسییەکەی 1%ـە، بەبێ داشکاندنە."
حکومەتی عێراق ئەمساڵ بەنیازە هەرچیی گەنمی نێوخۆ هەیە وەری بگرێت، پێشبینیی بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن تۆن دەکرێت کە پێویستیی عێراق ساڵانە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆنە. بڕیار دراوە پارە لەگەڵ رادەستکردنی گەنم بە چەکی بانکی بدرێتە جووتیاران. لە کەرکووک تەنیا سایلۆی گشتی توانای لەخۆگرتنی 350 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ