ژن و پیاوێکی کورد لە کەرکووک بە 'گازی ماڵان' دەمرن و کەسوکاریان دەڵێن: گومانمان هەیە

20-04-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
وێنەی ژن و پیاوە کوردەکە کە بە 'گازی ماڵان' گیانیان لەدەستداوە
وێنەی ژن و پیاوە کوردەکە کە بە 'گازی ماڵان' گیانیان لەدەستداوە
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

ژن و پیاوێکی کورد لەنێو ماڵەکەیان لە گەڕەکی ئەسراو مەفقودینی کەرکووک گیانیان لەدەستدا. پیاوەکە ناوی نەوزاد عەبدولکەریمە و تەمەنی 73 ساڵە، هاوژینەکەی ناوی سوعاد کەریم عەبدولڕەحمانە و تەمەن 71 ساڵە؛ بە تەنیا ژیاون و لە کاتی گیانلەدەستدانیان هەریەکەیان لە ژوورێکدا بوون.
 
کاتێک دراوسێ و کەسوکار پەیوەندییان پێوە کردوون و وەڵامیان نەبووە، چوونەتە ماڵەوە و بە بۆنی گازی ماڵان هەراسان بوون و تەرمی ژن و پیاوەکەیان بەرچاو کەوتووە.
 
نادر قادر، دراوسێی قوربانییەکان دەڵێت، "چووینە ژوورەوە لەگەڵ کچەکەی، دەرگاکەی هەندێک کرابووەوە. هەریەکەیان لە جێگەیەک خەوتبوون، گازەکەمان گرتەوە. پوورە سوعاد لە ژوورێک بوو، خوێن لە گوێی هاتبوو، کاک نەوزاد لە ژوورێکی دیکە بوو، خوێن لە لووتی دەردەچوو."
 
کاتێک بە مردنیان زانراوە، گازی ماڵەکە کراوەتەوە و پۆلیس پێی گوتوون هۆکاری مردنەکەیان گاز بووە. سالار سابیر، ئاوەڵزاوای نەوزادە و دەڵێت، "هێشتا دڵنیا نین لەوەی تەنیا گاز هۆکاری مردنەکەیانە یان شتێکی دیکە هەیە."
 
ئاوەڵزاواکەی نەوزاد ئاماژەی بەوەش کرد، "گومان دەکرێت پێرێ شەو لە کاژێر 12:00 بۆ 05:00ی بەیانی مردبێتن، چونکە لە بەیانییەوە تەلەفۆنیان بۆ کراوە و وەڵامیان نەداوەتەوە."
 
گومانی سەرەکیی مردنی ئەو ژن و پیاوە بە گاز لای کەسوکارەکەی پەیوەستە بە بوونی ئەو خوێنەوە کە لە دەم و لووتیان هاتووە.
 
مامۆستا نەجات برای نەوزادە و دەڵێت، "داوامان کردووە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە مردنەکەیان بکرێت بۆئەوەی لە هۆکارەکەی دڵنیا بین."
 
نەجات عەبدلکەریم، برای نەوزاد ئاماژە بەوە دەکات، "گومانم هەیە گاز نەبێت، چوومە ژوورەوە و بینیم دوو بۆ سێ پەنجەرە کرابوونەوە، پەنجەرە بکرێتەوە گاز بۆ دەیانکوژێت؟ دواتر گەر گازیش بووایە، براکەم یان ژنەکەی هەر بە ئاگا دەبوون."
 
هێشتا تەرمی قوربانییەکان رادەستی کەسوکاریان نەکراونەتەوە، لە پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئازادی توێکارییان بۆ دەکرێت و بڕیارە رەوانەی بەغدا بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە، دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکەش مانگێکی پێدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.