رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆش هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان ئاسایی نابێتەوە و سنووردارە.
بەگوێرەی دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، هەر وەکو عێراق، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییان لە سەرژمێریدا بۆ ماوەی 24 کاژێر درێژکراوەتەوە و تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی هەینی بەردەوام دەبێت.
کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی نێو شارەکان ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هاتووچۆی نێوان شارەکان و پارێزگاکان سنووردارە".
کارزان مەنتک دەڵێت، هاتووچۆی سنووردار مەبەستیان لەوەیە، ئەو کەسانە رێگەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانیان پێدەدرێت، کە بەهۆی "نەخۆشی یان بابەتێکی فریاگوزاری و زۆر پێویست" پێویستیان بە هاتن و چوون دەبێت.
سنوورداربوونی رێگەی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لە عێراق هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان قەدەخە کراوە.
بڕیاربوو دوای 48 کاژێر و لە کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، قۆناخی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی تۆمارەکەوە کاتەکە درێژکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ