رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک لە پەیامێکیدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە رێگەی رووداوەوە گوتی "رایدەگەیێنین؛ لەم رۆژەوە شۆڕشی خزمەتگوزاری لەم شارەدا دەستپێدەکات."
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئەمڕۆ (20-3-2025) پێش هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پیرۆزبایی لە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک دەکەم. نەورۆز پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە؛ ئیدارەی کەرکووک کار بۆ ئەوە دەکات و تەنها درووشم نییە، بە کردەوە؛ ئەوەمان سەلماندووە."
ئەمڕۆ جگە لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، هاوکات یادی 34ـەمین ساڵی راپەڕینی کەرکووکە، کە دوایین شاری کوردستان بوو لە ساڵی 1991، راپەڕینی تێدا کرا.
ئاگری نەورۆزی ساڵی 2725ـی کوردی، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووک بەیەکەوە هەڵکرا.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێ "لێرە نەورۆز جیاوازە، چونکە نەتەوەکانی دیکەش بەشدار دەبن، جلوبەرگی رەسەنی خۆیان لەبەردەکەن و پیرۆزبایی لە ماڵە کوردەکان دەکەن، بەهۆی ئەوەی کەرکووک شارێکی فرەنەتەوەیە."
نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ رۆژی 21ـەمی مانگی رەمەزان، بۆیە تەنیا ئاگر لە رۆژدا کرایەوە، ئاهەنگگێڕانەکە بە گوتەی پەیامنێری رووداو "هەڵگیراوە بۆ دوای بەربانگ."
رێبوار تەها لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ، "لەم رۆژەدا جارێکی دیکە بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە بەو ئاراستەیە کار دەکەین لە خزمەتی هەموو کۆمەڵانی گەلی کەرکووک بێت."
رێبوار تەها کە نزیکەی 5 مانگە سوێندی یاسایی خواردووە و بووەتە پارێزگاری کەرکووک، گوتیشی "نەورۆز پیرۆز بێت لە هەموو گەل، رۆژێکی پیرۆزە بۆ هەموومان. پێویستە رێز لەو رۆژە بگرین و بیکەینە هەوێنێک بۆ پێکەوەژیان و ئاشتیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک لەم رۆژەدا ئەوە رادەگەیێنین؛ شۆڕشی خزمەتگوزاری لەم شارە دەستپێدەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ