پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ رووداو: پێویستە دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا بنووسرێتەوە

دوێنێ کاژێر 05:44
پەیمان محەممەد
ساڵحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی و هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری رووداو.
ساڵحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی و هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا شاند دەچێتەوە ئیمرالی بە مەبەستی دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە دەستوورێک بۆ تورکیا بنووسرێتەوە کە تێیدا دان بە مافی هەموو گەلانی وڵاتەکەدا بنرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-03-2025، ساڵحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەکاتی رووماڵی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆز لە ئامەد میوانی هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند: ''بەراورد بە رابردوو، ئەم ساڵ بەشداریی خەڵک لە ئاهەنگی نەورۆز زۆر زیاترە، بە جۆرێک خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا جێگەیان نابێتەوە و جۆش و خرۆشێکی یەکجار زۆر دەبینرێت.''
 
ساڵحە ئایدەنیز گوتی، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی بەرچاوی خەڵک لە ئاهەنگی نەورۆزدا هەبووە.
 
بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، پڕۆسەی چارەسەری دەستیپێکراوە کە لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی شاندی ئیمرالییەوە راگەیێندراوە و یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانیشی داوای بەستنی کۆنگرەی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی ئەو پارتە دەکات.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: ''نزیکەی 100 ساڵە لە باکووری کوردستان پرسی کورد بە رێگەی دیموکراسی چارەسەرنەکراوە، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا هەنگاوێکی ناوە؛ بۆیە باوەڕمان بە پڕۆسەکە هەیە و هیوامان زۆرە.''
 
پڕۆسەکە لەوەوە دەستیپێکرد کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 01-10-2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: "تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمرالی بکات.
 
بڕیارە شاندەکە دوای جەژنی رەمەزان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە. ساڵحە ئایدەنیز گوتی: ''تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام دیارە کە دیدارەکە دوای جەژن دەبێت''.
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت و پێویستە بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو بنرێت کە ''هەنگاوی یەکەم ئازادکردنی هەزاران سیاسەتڤانی کوردن کە لە زیندانەکانی تورکیادان.''
 
وەک ساڵحە ئایدەنیز دەڵێت، بەشێکی دیکە لە پێویستییەکانی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی، دانپێدانان بە مافی کورد لە دەستووری تورکیا و جێبەجێکردنی مەرجەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە بۆ ئازادی و دیموکراسی.
 
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە کە 27ـی شوبات بڵاوکرایەوە دەڵێت: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە." پارتی کرێکارانی کوردستانیش رایگەیاندووە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات.
 
ساڵحە ئایدەنیز پێیوایە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی چارەسەری، ''پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێگەی پێبدرێت بە ئاسانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە و دیداری سیاسی هەبێت؛ هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستانیش بتوانێت بە ئاسانی کۆنگرەی خۆی ببەستێت و [ئۆجەلان] پێشەنگی بکات''.
 
دوێنێ پێنجشەممە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی کاتی چەکدانانی پەکەکە گوتی: ''پێشنیاز و پێشبینیی ئێمە ئەوەیە، لە رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025 لە شارۆچکەی مەلازگرد لە پارێزگەی مووش بە یارمەتی و پاڵپشتیی سەرۆکشارەوانیی دەم پارتی (فەیات ئاسیا)، پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە مشتومڕەکانی خۆهەڵوەشاندنەوە و ئەو بابەتە بهێنێت''.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دووپاتی کردەوە، بەستنی کۆنگرەی پەکەکە پێویستی بە جێبەجێکردنی مەرجەکانیان هەیە.
 
''لەم رۆژانەدا شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی دەکاتەوە''
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی 18ـی ئاداری 2025 دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شاندی ئیمرالی دەیەوێت پێش نەورۆز لەگەڵ ئۆجەلان دیداری هەبێت، ئەمڕۆش بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی داد کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دیدارەکە رێکنەخراوە.
 
ساڵحە ئایدەنیز ئاماژەی بەوەدا کە شاندەکەی دەم پارتی هەر لەم رۆژانەدا سەردانی ئیمرالی دەکات.
 
''پاڵپشتی لە نووسینەوەی دەستوور دەکەین''
 
ماوەیەکە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا گەنگەشە لەسەر نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە دەکەن.
 
ساڵەحە ئایدەنیز گوتی، پاڵپشتی لە نووسینەوەی دەستوور دەکەن ''چونکە ئەم دەستوورە دەستووری هەموو گەلان نییە؛ دەستووری هەموو زمانەکان نییە''.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دەستووری نوێ بە شێوەیەک بنووسرێتەوە کە تێیدا بە روونی دان بە مافی سەرجەم گەلانی وڵاتەکەدا بنرێت.
 
دەستووری تورکیا ساڵی 1924 نووسرا و لە حەوت بەند و 177 مادە پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا 21 جار هەموارکراوەتەوە؛ هەمواری یەکەم لە ساڵی 1928 کرا و دواجاریش 2017 هەموارکرایەوە و لە رێگەی هەمواری 18 مادەی دەستوورەوە سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا. 
 
لە کودەتای سەربازیی 1980 بەسەرۆکایەتیی کەنعان ئێڤرەن، سوپاسالاری ئەوکات کە دواتر بووە سەرۆککۆمار، جگە لە چوار مادەی یەکەم، سەرجەم مادەکانی دەستوور سەرلەنوێ داڕێژرانەوە و بە رێژەی 91.37٪ـی دەنگی خەڵک پەسندکرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە