لەیلا زانا: هیوادارم ئەوەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتراوە، ببێتە کردار

دوێنێ کاژێر 03:28
سۆران حوسێن
لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کوردی باکوری کوردستان و هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری رووداو.
لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کوردی باکوری کوردستان و هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کوردی باکوری کوردستان لە رێگەی رووداوەوە پەیامی نەورۆزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کورد سوودی زۆری لە راگەیاندن بینیووە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی. 
 
لە بارەی تۆری میدیایی رووداویشەوە، لەیلا زانا گوتی: "لەو کاتەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی کردووە تاوەکو ئێستا سەیری رووداو دەکات. گوتیشی: "رووداو لەسەر هێڵێکی راست دەڕوات و پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هیوادارم ئەو هێڵە قووڵتر و فراوانتر بکاتەوە و بە ئەنجامی بگەیێنێت."
 
لە نەورۆزی ئامەد، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە، لەیلا زانا لەبارەی ئەو پەیامانەوە گوتی: "نەورۆز لە بەڕێز مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش پیرۆز دەکەم. جاری یەکەمە پەیامی ئەوان بێت، هیوادارم نەورۆزی داهاتوو خۆیان لێرە بن، ئەوە دەبێتە ئاهەنگێکی گەورە بۆ هەموو کورد."
 
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، بە تایبەت دەوڵەت باخچەلی کە گوتوویەتی، با پەکەکە مانگی گوڵان لە مەلازگرد کۆنگرە بکات،  لەیلا زانا گوتی: "خۆزگە ببووایە، بەڵام هەلومەرج نە لە دەستی پەکەکەدایە و نە لە دەستی گەلی کورد دایە، بەڵکو لەدەستی ئەواندایە. هەرکاتێک هەلومەرج بڕەخسێندرێت، ئێمە هیوامان وایە ئەوە بکرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بەخێربێت خاتوو لەیلا زانا.
 
لەیلا زانا: خێرداربن.
 
رووداو: ئێمە زۆر بیرمان کردبوویت، لە زوومی کامێراکانەوە دیار نەبوویت.
 
لەیلا زانا: زۆر سوپاس
 
رووداو: پێمانخۆشە سەرەتا پەیامی نەورۆز بگەیێنیتە کورد و کوردستانیان.
 
لەیلا زانا: نەورۆزی ئێوە و هەموو کارمەندانی رووداو، گەلی کورد لە هەموو لایەکانی کوردستان پیرۆزبێت. کێ دەیەوێت نەورۆز پیرۆزبکات لەوانەی پیرۆز دەکەم. گوتتان دیار نەبوویت، ساڵی رابردوو لەم گۆڕەپانە بووم، من ئەو کاتە مژدەم پێدان. پێموایە نەورۆز وەکو باوەشی دایکە، مێژوو، چاند و هونەر، فەلسەفە و سیاسەتی گەلی کوردی لە باوەشی خۆیدا پاراستووە تاوەکو ئەمڕۆ. ئەمڕۆ ئێمە یەک دەنگ و یەک دڵ و یەک بۆچوونمان هەیە، ئەو بۆچوونە چییە؟ ئاشتییەکی بە شکۆیە، من سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم تێکۆشانیان کردووە و گەلی کوردیان گەیاندووەتە ئەم قۆناخە، منەتباریانم. بە گیانەبەختکردووەکانیش دەڵێم، جێگەتان رۆشن بێ، میراتێکی جوانتان بۆ ئێمە جێهێشت، من هیوادارم ئەمڕۆ ئێوەشمان ببینابووایە، بەڵام ئێوە خۆتان قوربانیی ئەم رۆژە کرد. بۆ ئەوەی نەورۆز بە رێزێکەوە کە شیاوییەتی پیرۆز بکرێت زۆر گیانبەختکردوو گیانی خۆیان بەخشی، ئێمە قەرزداری ئەوانە و دایک و باوکیانین. گەلی ئێمە گەلێکی ئاشیخوازە و هیچ کاتێک شەڕخواز نەبووە بەڕاستی، بەڵام کاتێک هێرش کرابێتە سەری هەبوونی خۆی پاراستووە، ئەویش مافی هەموو گەلێکە و هەموو بوونەوەرێکە. هەموو بوونەوەرێک رۆحی خۆیان دەپارێزن، کوردیش تاوەکو ئەمڕۆ هەبوونی خۆی پاراستووە. ئەمڕۆ لە 100 ساڵەی نوێی سەدەی 21دا، پێموایە کورد دەتوانن لەیەک خولەک دا دەنگی خۆیان بگەیێننە جیهان، ئەمە زۆر گەورەیە. شۆڕشی تەکنیکی زۆر بە کەڵکی کورد هات، هیوادارم ئەوانەی تەکنیکیان پێشخستووە و دروستیان کردووە نەڵێن با وازی لێبهێنین، چونکە کورد باشی بەکارهێنا، وەکو تەلەڤیزیۆن و زۆر شتی دیکە کە زۆر باش بەکاریانهێنا. لەم دەم کاتەدا هیوام بە زمانی چاپەمەنی هەموو کورد هەیە، کە یەکەم جارە زمانی دروستکراو بەکاردەهێنن، کەمێک پیرۆزباییم بۆیان هەیە و کەمێکیش رەخنە، چونکە دروستکردن زۆر قورسە و بڵاوکردنەوە زۆر ئاسانە. ئەوانیش دەبینن، کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشی چالاک و ئەوانەی ئازادی و دیموکراستیان دەوێت و بە چالاکانە خەباتی بۆ دەکەن، گەلی کوردن. ئێمە بووین بە هیوا بۆ هەموو گەلانی بندەست. ئێمە لەسەر خاکێک دەژین؛ کوردستان ماڵی هەموومانە و ئەوانەی جیان لە نێویدا دەژین وەکو گیانی خۆمان دەیانپارێزین با کەس گومان لەوە نەکات. لەم بوارەدا سوپاسی هەموو بەرپرسانی کوردستان دەکەم، ئاشتی ئاسان نییە و خەبات و بڕیاری پێویستە.
 
رووداو: باسی راگەیاندنت کرد، هەڵسەنگاندن بۆ رووداو چییە؟ تەماشای دەکەیت؟
 
لەیلا زانا: لەو کاتەوەی سەرۆک ئاپۆ بانگەوازی کردووە تاوەکو ئێستا سەیری رووداو دەکەم، لەسەر هێڵێکی راست دەڕوات و پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هیوادارم ئەو هێڵە قووڵتر و فراوانتر بکاتەوە و بە ئەنجامی بگەیێنێت.
 
رووداو: بابێینە سەر پرۆسەکە، بڕیار بوو تۆش بچیتە ئیمرالی، بۆ نەچووی؟
 
لەیلا زانا: بەخوا کێ ئەو بڕیارەی داوە من ئاگام لێی نییە، ئاگاشم لێی نییە.
 
رووداو: باسێکی وا هەبوو؟
 
لەیلا زانا: لەسەر قسەی کەس ناوەستم، ئێستا ئەوەی کە پێی دڵخۆش دەبین ئەوەیە، ئەوەی گوتراوە ببێتە کردار و بکرێت. لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنداین، کەسێک لە دۆزی کوردستاندا بچووکە، چونکە دۆزەکە زۆر گەورەیە، زۆر قووڵ و دوورە، لەبەر ئەوەی چی بە کێ دەکرێت با بیکات ناو گرنگ نییە، من بەو چاوە لێی دەڕوانم.
 
رووداو: رێبەری پەکەکە بانگەوازیی خۆی کردووە، هەنگاوی دواتر دەبێت چی بێت؟
 
لەیلا زانا: ئەوانەی تاوەکو ئێستا حیسابیان بۆ ئێمە نەدەکرد، ئێستا لە هەنگاوی دووەمدا دەبێت ئەوان هەنگاوێک بنێن، چونکە رێ و ڕێبازی دیموکراتی لە پێشینەی کارەکان نەبێ ئەنجامی بەدەستناهێنین. تەنیا بە قسە نابێت و کردار پێویستە.
 
رووداو: دەبێت دەوڵەت چی بکات؟
 
لەیلا زانا: دەوڵەت دەبێت هەلومەرج بڕەخسێنێت، بتوانێت لایەنگران و کەسەکانی نزیک خۆی قایل بکات. بتوانێت لەگەڵ ئەواندا پرۆسەکە سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە بەرپرسەکان خۆیان دەزانن چی بکەن؛ دەبێت بە پەلەش بیکەن.
 
رووداو: دەوڵەت باخچەلی لێدوانێکی دا و دەڵێت، با پەکەکە مانگی گوڵان لە مەلازگرد کۆنگرە بکات، ئەمە دەبێت؟
 
لەیلا زانا: خۆزگا ببووایە، بەڵام هەلومەرج نە لە دەستی پەکەکەدایە و نە لە دەستی گەلی کورد دایە، بەڵکو لەدەستی ئەواندایە. هەرکاتێک هەلومەرج بڕەخسێندرێت، ئێمە هیوامان وایە ئەوە بکرێت.
 
رووداو: پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندرایە و پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستانیش بۆ نەورۆزی ئامەد هەیە، ئەو پەیامانە و هاتنی نوێنەرانیان چۆن دەبینیت؟
 
لەیلا زانا: نەورۆز لە بەڕێز مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش پیرۆز دەکەم. جاری یەکەمە پەیامی ئەوان بێت، هیوادارم نەورۆزی داهاتوو خۆیان لێرە بن، ئەوە دەبێتە ئاهەنگێکی گەورە بۆ هەموو کورد.
 
رووداو: بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ئێوە چی دەڵێن؟
 
لەیلا زانا: بەخوا پێی رانەگەیشتم، چونکە لە شوێنێکی دوورەوە هاتم، بەڵام دواتر بەدوایدا دەچم.
 
رووداو: جارێکی دیکە لەیلا زانا چالاکانە لە سیاسەتدا دەبینینەوە؟
 
لەیلا زانا: ئێستا گەنجان هەنگاو بەرەو پێش دەنێن، لە هەرجێگەیەک پێویست بوو منیش دەست دەدەمە ژێر بارەکە. بابەتەکە شەخسی نییە، من ئەندامێکی پارتەکەم، بەڕێوەبەرانی حیزب هەن و هەرکات پێویست بوو ئەوان خۆیان داوا بکەن، چی لەدەستی من بێت دەیکەم. وەکو وڵاتپارێزێکیش چیم لەدەستبێت دەیکەم، دوو ساڵ زیاترە لە بواری کۆمەڵایەتی و رێکخستنیدا چیم لە ئەستۆدا بێت کردوومە، لەو بوارەدا سوپاسی کاک نێچیرڤان دەکەم زۆر هاوکار بووە.
 
رووداو: خەڵک و میدیاکانیش دەیانەوێت زیاتر تۆ ببینن، تۆ خۆت دووردەخەیتەوە، بۆچی؟
 
لەیلا زانا: هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا دەکرێت، کاتێک تەکنۆلۆژیا پێشکەوت من لە زینداندا بووم، کاتێک ئازاد بووم تەلەفۆنم هەڵگرت نەمتوانی بەکاری بهێنم، ئێستاش فێر نەبووم. بۆ من شتێکی ساردوسڕە کاتێک نێوچاوی مرۆڤەکە نەبینم، چونکە وەکو  میکانیکە، لەبەر ئەوە فکر و هەستی من بەیەکەوە کار دەکەن، دەبێت چاوی مرۆڤەکە ببینم پاشان قسە بکەم، لەبەر ئەوە بەڕاستی نێوانی من و تەکنیک زۆر خۆش نییە، ئەوەش کەموکورتیی منە.
 
رووداو: لە بەرنامەتدا هەیە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت؟
 
لەیلا زانا: جارێک هەڤاڵێکی باشوور لە منی پرسی، بۆ نایەیت بۆ باشوور، منیش گوتم، کاتێک کورد لە یەک عاجز دەبن، منیش لە هەموویان عاجز دەبم، هەرکاتیش نزیک یەکبوونەوە سەر سەر و سەر چاوان. کورد ئەمڕۆ نزیکی یەک بوون دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ من، کەی بیانەوێت دەتوانم بچم.
 
رووداو: بەخێربێی هەرکاتێک تۆ بێیت.. کاتێک لەم قەرەباڵخییە دەڕوانیت کورد لە زۆر شوێنی کوردستانەوە هاتوون، تۆ هەست بە چی دەکەیت؟
 
لەیلا زانا: لە دڵخۆشییەکی گەورەدا دەژیم، چونکە بۆ ئەوە خەباتێکی زۆر کراوە، بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کوردان خەبات کراوە، بەڵام بەداخەوە کوردان لەیەک دوورخراونەتەوە، وەکو خێزانێک ماڵەکەیان بکەیتە چوار ژوور و هەر یەکەیان بخەیتە ژوورێکەوە. نەیانهێشت پێکەوە دانیشن، زمان و کولتووریان لێک دوورخستنەوە، ئێستا دەبێت واسەیر بکرێت هەمووی هاوبەشی تێکۆشانی ئازادیی کوردستانە.
 
رووداو: پەیامێکی تایبەتت بۆ لایەنە سیاسییەکانی کورد هەیە، بەتایبەت لەم دۆخەدا؟
 
لەیلا زانا: لەنێوخۆ فرە دەنگی و فرە رەنگی، لە دەرەوە یەک دەنگی و یەک رەنگی، لەبەر ئەوە لە ناوچەیەکی ئاساندا ناژین، بۆیە دەبێت لەبواری دیپلۆماسی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تاوەکو بتوانین ئەرێنییەکانمان پێش بخەین نەوەکو نەرێنییەکان. ئەوە خواست نییە و تکای من لە هەموو لایەنەکانە، چونکە گەل هەمووی یەکە. ئەمڕۆ رۆژی ئەوە نییە کەموکورتییەکانمان پێشخەین.
 
رووداو: پەیامی تۆ بۆ سەرۆککۆمار چییە، چونکە دوای جەژن لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە؟
 
لەیلا زانا: پەیامی من بۆ سەرۆککۆماری تورکیا؛ زۆر قورسیی خستە سەرشانی خۆی و بەپەلە زۆر رێگەت کردەوە، پیرۆزترین رێگە رێگەی ئاشتییەکی بەشکۆیە و بەپەلە ئەو رێگەیە بکەوە.
 
رووداو: تۆش ناتەوێت لەو شاندەدا بیت کە دەچنە لای سەرۆککۆمار؟
 
لەیلا زانا: هەرچی بکەوێتە سەرم من ئامادەم، بۆ دەتوانین خۆمان بشارینەوە؟ ئەوە دۆزی هەموومانە.
 
رووداو: هیچ داوایەکی تۆ لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام؟
 
لەیلا زانا: داوام ئەوەیە کاک مەسعود تەمەن درێژ بێت، وەکو برا و منداڵی خۆی لە هەموو لایەنەکان بڕوانێت، تاوەکو ئێستا خەباتی کردووە و پێشیی هەمووشی بکاتەوە. رۆڵی گەورەیە.
 
رووداو: زۆر سوپاس ، ئێمە دڵخۆشبیووین لە رووداو میوان بوویت.
 
لەیلا زانا: نەورۆزی هەمووان پیرۆز و لە ئێوەش پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئێوە بتوانن لایەنەکان لێک نزیک بکەنەوە.
 
رووداو: ئەرکێکی قورست خستە سەرشانمان. زۆر سوپاس.
 
لەیلا زانا: ئەمڕۆ هێزی یەکەم میدیایە، میدیا کاری خۆی بکات لەنێو گەلدا هیچ ئاستەنگییەکی نابێت و لایەنەکانیش زیاتر نزیک دەبنەوە و دەتوانن پاشەڕۆژێکی بەشكۆ و ئازاد بۆ گەلی کورد دیاری بکەن.
 
رووداو: هیوات بەم پرۆسەیە چۆنە؟
 
لەیلا زانا: هیوام بە گەلی خۆمان هەیە، تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە و شێوەی گۆڕاوە، لەبەر ئەوەی بارەکە بۆ هەمووان گرانتر بووە.
 
رووداو: ئەم جارە ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت لە باکووری کوردستان؟
 
لەیلا زانا: هیوام بە گەلەکەمان هەیە، سەرووی هەموو شتێک هیوایە، هیوای هەبوو بۆ خۆی خەباتە.
 
رووداو: زۆر سوپاس و بەخێربێیت.
 
لەیلا زانا: سەرکەوتووبن، دەستخۆشیمان بۆتان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بایرام ئەیاز.

سیاسەتڤانێکی کورد بۆ رووداو: دەبێت کوردی رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق

سیاسەتڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێت: ''ئەزموونی یەکگرتوویی کوردمان لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق هەیە. بۆیە پێویستە کورد لە رۆژئاوای کوردستانیش بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق''؛ دەشڵێت، پاڵپشتیی دیاسپۆرا لە رۆژئاوای کوردستان گرنگە.