رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەردەوامەوە خانوویەک لە هەولێر رووخا. خاوەنەکەی دەڵێت "کاژێر 09:00 لە خەودابووین کە خانووەکەمان داڕما."
سەڵاح عەلی حەمەد، خاوەنی خانووەکە بە رووداوی گوت "دەوروبەری کاتژمێر 9 بوو، خەوتبووین، خانووەکە بە دیوی دەرەوە و بۆ کۆڵان داڕما. ئێمە خێزانێکی چوار کەسین، لەبەرئەوەی باری داراییم باش نییە، بۆیە تاوەکو ئێستە لەنێو ئەم خانووە دەژین. شوکر هەموومان سەلامەتین و زیانی گیانیمان بەر نەکەوتووە."
ئەو خانووە، دەکەوێتە گەڕەکی عارەبانی شاری هەولێر. عامر خانم، موختاری گەڕەکەکەیە و لەو بارەوە بە رووداوی گوت "زۆربەی خانووەکانی گەڕەکی عارەبان کۆنن و ئەگەری رووخانیان هەیە. ئەم گەڕەکەش شوێنەوارە و دەستکاری ناکرێ."
کرێنشینی خانووەکەی ئەمڕۆ داڕما، وەک موختارەکە باسی دەکات "نزیکەی 20 ساڵە لەنێو خانووەکە نیشتەجێیە. لەبەرئەوەی باری دارایی باش نییە، بۆیە لەنێو ئەو خانووەدا دەمێننەوە. نزیکەی 9 مانگە داوای وەرگرتنی زەوی کردووە، مامەڵەکەی لە پارێزگای هەولێرە و تاوەکو ئێستە تەواو نەبووە."
بە گوتەی ئەو موختارەی گەڕەکی عارەبان، ژمارەیەک ماڵ لە گەڕەکە ماون، کرێچییەکان قەرەبوویان وەرگرتووە، بەڵام خاوەن موڵکەکان ماون. "ئەو خانووەی رووخاوە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی شەقامی باتە، شارەوانی بە هەواڵی رووخانەکەی زانیوە، گوتیان ئێستا دێین خاوێنی دەکەینەوە."
گەڕەکی عارەبان، گەڕەکێکی کۆنی شاری هەولێرە، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە رووداوی گوتبوو "لە گەڕەکی عارەبانی هەولێر خانوو و شوێنەواری کەلەپووری هەن کە سەر بە شوێنەواری هەولێرن، بەشێکیان موڵکی شوێنەوار و کەلەپوورن، بەشێكی دیکەشی موڵکی خەڵکن، بەڵام لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووردایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ