رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای تەلەعفەر رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 400 ژن و کچ لە قەزای تەلەعفەر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، قاسم محەممەد شەریف، قایمقامی قەزای تەلەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە قەزاکەیان لەدوای ساڵی 2014وە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە 400 بۆ 450 ژن و کچی دانیشتووی قەزاکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
قایمقامی قەزای تەلەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد، 40 بۆ 50 لەو کچ و ژنانە گەڕاونەتەوە قەزاکە، بەڵام ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە. هاوکات راشیگەیاند، تەنیا یەک خێزانی خەڵکی تەلەعفەر لە کەمپی هۆلەوە گەڕاوەتەوە تەلەعفەر.
قەزای تەلەعفەر دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا. ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆڵکرا و بەشێکی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون، کە بەشێکیان تورکمانی شیعە مەزهەبن؛ لە ساڵی 2017ش کۆنترۆڵ کرایەوە.
ژمارەی دانیشتووانی تەلەعفەر نزیکەی 450 هەزار کەسە. لە شەڕی داعشدا نزیکەی 5000 خانووی زیانی بەرکەوت و زیاتر لە 600 خانوو تەقێندرانەوە یان سووتێندران، 14 گوندیش خاپوور کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ