جەواد زەریف: کۆرۆناش نەیتوانی درز بخاتە نێوان تاران و هەولێر

19-07-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن جەواد زەریف نێچیرڤان بارزانى
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، خۆشحاڵە کە پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر بەتایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکان بەردەوام بوون و کۆرۆناش نەیتوانیوە درز بخاتە ئەو پەیوەندییانە. 
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە پاش سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە عێراقییەکان لەنێویاندا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هاتە هەولێر. لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد ئەوان پێشوازی لە "عێراقی نوێ" دەکەن و رۆڵی ئاشتەوایی بەغدا بەرز دەنرخێنن. 
 
بڕیارە سبەینێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعودیە بکات و پێشبینی دەکرێت، هەوڵی لێکنزیککردنەوەی تاران و ریاز بدات. 
 
جەواد زەریف گوتیشی دەوڵەتی عێراقی نوێ کە هەموو نەتەوەکانی لەخۆگرتووە وەک "میحوەری ئاشتی و ئاشتەوایی دەبیندرێت و ئێمە پێشوازی لەم رۆڵەی عێراق دەکەین". باسی لەوەشکرد، "خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ناوچەکە واقیعی عێراقی نوێی پەسندکردووە کە سەرۆککۆمارەکەشی کوردێکی عێراقییە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە "هەندێک" وڵاتی ناوچەکە گرت کە درەنگ "عێراقی نوێیان" قبووڵکردووە، گوتیشی هەرچۆنێک بێت گرنگە ئێستا عێراقی نوێ لە ناوچەکە بەفەرمی ناسێندراوە. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە باسی لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ئێران دراوسێیەکی "زۆر گرنگە" و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتە لەکاتە سەختەکاندا لەبیر ناکات. 
 
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی کولتووری و کۆمەڵایەتی هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لەو بوارانەدا خواستێکی بەردەوامی هەرێمی کوردستانە و هەمیشە کارمان لەسەری کردووە". 
 
لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و رۆڵی "گرنگی" ئێران لەو پێشهاتانە و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری کێشەکان و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لەلایەنی ئابووری تاوتوێکران. 
 

 

 

دەقی گوتەکانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە:
 
"بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. سڵاو و رێزی تایبەتمان هەیە بۆ هاوڕێیانی خۆشەویست و نوێنەرانی راگەیاندن، خوشک و برایانی خۆشەویست لە هەرێمی کوردستان، برا و هاوڕێی خۆشەویستم لە هەرێم، رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاستان دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و دۆستانەی کە لە شاری هەولێری زۆر جوان لە ئێمەتان کردووە. زۆر خۆشحاڵم بۆ جاری سێیەم وەک وەزیری دەرەوە کە سەردانی عێراق دەکەم ئەم دەرفەتەم بۆ دەڕەخسێت سەردانی هەرێمیش بکەم. بۆ ئێمە، عێراق و هەموو نەتەوە و گرووپە مەزهەبی  وئیتنیکییەکانی زۆر خۆشەویستن، عێراق دراوسێیەکی ستراتیژییە و لە ئەولەوییەتی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئێمە پێمان خۆشە پەیوەندی دۆستانە و هاوڕێیانە و هاوکاریی هەبێت، چ لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق و چ لەنێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا. زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ناوچەکە واقعییەتی نوێی عێراقی قبووڵکردووە، ‌هەڵبەتە بۆ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە زۆر درێژەی کێشا تاوەکو ئەم واقعییەتی نوێی عێراقە قبووڵ بکەن، بەڵام زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ناوچەکە واقعییەتی نوێی عێراقی قبووڵکردووە، ئەو عێراقەی کە لە هەموو نەتەوەکان پێکهاتووە و سەرۆککۆمارەکەشی کوردێکی عێراقییە، ئەوەش گرنگە کە ئەم عێراقە لە ناوچەکەی ئێمە بە فەرمی دانیپێدانراوە و لەگەڵ ئەم عێراقە وەک وڵاتێكی میحوەری بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئێران زۆر پێشوازی لەم رۆڵەی عێراق دەکات. ئێمە پەیوەندی زۆر نزیکمان لەگەڵ خوشک و براکانمان لە هەرێم هەیە، پەیوەندی زۆر نزیکی کولتووری، خێزانی و هاوڕێیەتیمان هەیە و هەروەها پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێم و  عێراق هەیە. پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ عێراق هەمیشە لە بەرەوپێشچووندا بووە و خۆشحاڵیشین تەنانەت کۆرۆنا نەبووە رێگر لەبەردەم پەیوندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ عێراق و بە تایبەتی هەرێم".
 
سنوورەکانی ئێمە و هەرێم هەمیشە کراوە بوون و پشت بەخودا هەمیشە بەو جۆرە دەمێننەوە. ئێمە ئامادەییمان هەیە لەرووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە، لەگەڵ هاوڕێکانمان لە هەرێم و لە عێراق و ناوچەکە پێکەوە کاربکەین و ئەزموونەکانی خۆمان بخەینەبەردەم هاوڕێکانمان لە هەرێم و ئامادەییشمان هەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان زیاتر و زیاتر پەرەپێبدەین، هەروەها پرۆژە درێژخایەنەکان لەنێوانیاندا ناوچە پیشەسازییەکان، دانانی هێڵی شەمەندەفەر و پێکەوەکارکردنی درێژخایەن لەبواری وزە لەگەڵ دراوسێی باشمان عێراق و ئومێدوارین لە گەشتی رۆژی سێشەممەی رێزدار سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئێران، زەمینەکانی پێکەوە کارکردنمان فراوانتر بکەین. جارێكی دیکە لە رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران  و بەرپرسانی هەرێم لە پێشوازی گەرمیان لەئێمە سوپاسیان دەکەین و ئومێدەوارم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێم بەهێزتر و پتەوتر بن، یاد و یادگاری شەهید سولەیمانی بەرز دەنرخێنین کە رۆڵێكی زۆر دیاری هەبوو لە هاوکاریکردن و پێکەوەکارکردن لەگەڵ شەڕکەرە قارەمانەکانی عێراق و پێشمەرگە جەنگاوەرە قارەمانەکانی هەرێم لە شەڕی دژی داعش و لابردنی مەترسی داعش لەسەر هەولێر و ئومێدوارین ئەم هاوڕێیەتی و برایەتییەی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە جێگیر و پتەو و بەهێزتر بێت، یەکجاری دیکە جەنابی سەرۆک لە پێشوازی گەرمتان سوپاسگوزارم".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە