وەزیری دەرەوەی نەمسا: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و متمانەپێکراوی ئەورووپایە

17-02-2024
نیاز مستەفا
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانى
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی نەمسا باس لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و متمانەپێکراوی ئەورووپا و نەمسایە."
 
رۆژی هەینی 16-2-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا کۆبووەوە. 
 
وەزیری دەرەوەی نەمسا لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ساڵی 2024 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوومەوە."
 
وەزیری دەرەوەی نەمسا دەنووسێت، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەوتووەتە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و متمانەپێکراوە بۆ ئەورووپا و نەمسا."
 
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی و ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ لەبارەی پەیوەندییەکانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا "داكۆكييان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ كردەوە بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و بەڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێزيان‌ به‌ فه‌رمى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بانگهێشت كرد بۆ سه‌ردانێكى نه‌مسا."
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگیش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بۆ سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەی گرنگە و لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیش بۆسەر هەولێر گوتی، "بووە هۆی کوژرانی خەڵکی بێتاوان و قبووڵ ناکرێت."
 
ئەو وەزیرەی نەمسا ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندیی دیپلۆماسیی زۆر بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و "ماوەیەکی درێژە ڤیەننا بۆ خەڵکێکی زۆری کوردستان بووەتە پەنجەرەیەک بەڕووی رۆژئاوادا."
 
60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دوێنێ دەستیپێکرد و بڕیاریشە سبەیش بەردەوام بێت. لەو کۆنفرانسەدا 145 سەرکردە، وەزیری دەرەوە و بەرگریی وڵاتان بەشدارن و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی جیهان دەکرێت. 
 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەش لەکاتێکدایە جیهان بە چەندین قەیراندا تێدەپەڕێت؛ لەوانەش جەنگی ئۆکراینا، جەنگی غەززە و گۆڕانی کەشوهەوا.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە