رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە دەزگایەکی بەرهەمهێنانی ژەهری دووپشک، 10 هەزار دووپشک بەخێودەکرێن.
محەممەد ئۆرەنلەر خاوەنی دەزگاکەیە و چوار ساڵە دەستی بەم کارە کردووە. ئەو ژەهرەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، هیندستان، چین، یابان و کۆریای باشوور دەکات.
محەممەد بە پاڵپشتیی مەتین ئۆرەنلەر ـی باوکی ئەو کارە دەکات. چوار ساڵ پێش ئێستا ئەو دەزگایەی لە شوێنێکی داخراوی 200 مەتر دووجا لەسەر رووبەری زەوییەکی 5500 مەتر دووجا دروستکرد. بە بەخێوکردنی 300 دووپشک دەستیپێکرد، ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 10 هەزار دووپشک.
محەممەد ئۆرەنلەر دەڵێت، لە دەزگاکەیاندا بە تێکڕا مانگانە 50 گرام ژەهری دووپشک بەرهەمدێت. نرخی ئەم ژەهرە لە وڵاتانی دەرەوە لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار دۆلارە. ئەگەر خواست زۆر بێت دەگاتە حەوت هەزار بۆ 11 هەزار و 500 دۆلار.
لە بازاڕەکانی جیهاندا یەک گرام ژەهری دووپشک بە 10 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت و خواستێكی زۆری لەسەرە.
ئەو ژەهرەی لە دووپشک دەردەهێندرێت، لە بوارەکانی جوانکاری و لە کەرتی پزیشکیدا لە دروستکردنی دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مێشک، مەمک و پرۆستات، هەوکردنی دەمارەخانەکانی مێشک و جومگەکان، ئازارشکێنی قورس بەکاردەهێندرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ