لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر گەنجێک بە گولـلە دەکوژرێت

19-04-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر کەسێک لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بە دوو گولـلە بریندار دەکرێت و دواتر لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، دایکی گەنجە کوژراوەکە دەڵێت، بکوژی کوڕەکەی برای بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبار (م. ص. ع) خۆی رادەست کردووە.

شەوی سێشەممە 18-04-2023، کەسێک بەناوی محەممەد بوورهان لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر بە دوو گولـلەی دەمانچە بریندار دەکرێت و بە گوتەی خێزانەکەی، محەممەد لەلایەن ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداوە.

روژدی بوورهان، برای گەنجە کوژراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە دوای بەربانگ لە شەقامی 120 مەتری روویداوە و لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە.

بە گوتەی روژدی بوورهان، کەسی تەقەکەر ئەفسەرێکی پۆلیسە و کاتی رووداوەکە دوو کەسیشی لەگەڵدا بووە، "لێی هاتووەتە خوار و چەکەکەی دەرهێناوە و دوو گولـلەی لەسەر دڵی برایەکەم داوە، گولـلەیەک لە پشتی دەرچووە و گوللـەیەکیش لەناو سنگی ماوەتەوە."

برای محەممەد بوورهان ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر ئەو کاتی بە برینداری نەیانبردووە بۆ نەخۆشخانە، کە گیانی لەدەستداوە ئینجا بردوویانە، دەمانچەکەی داناوە و زۆر بە ئازادی گوتوویەتی: ئەوە من ئەو کوڕەم کوشتووە."

 
بە گوتەی خێزانی گەنجە کوژراوەکە، هەر سێ کەس خۆیان رادەستی یاسا کردووە و روژدی بوورهانیش دەڵێت، "ئێمە منداڵی شەهیدین و برایەکەمیان بەبێ هیچ هۆکارێک کوشت."

محەممەد بوورهان، لەدایکبووی 1991 و باوکی دوو منداڵە، کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵان و کچیکی تەمەن سێ ساڵانی هەیە، هاوژینەکەشی دووگیانە، پیشەی گەنجەکە کرێکاری بووە و بە گوتەی براکەی، لە کاتی رووداوەکەدا دەگەڕایەوە بۆسەر کار.

بڕیارە خێزانی محەممەد بوورهان دژ بە ئەفسەرەکەی تەقەی لێکردووە، سکاڵا تۆمار بکەن و روژدی بوورهان دەڵێت، "بۆیە تاوەکو ئێستا سکاڵامان تۆمار نەکردووە، چونکە ئەمڕۆ لە رووداوەکە ئاگادار بووینەتەوە و مۆبایلەکەشیان لێ وەرگرتبوو، لە رێگەی شاگردەکەیەوە زانیومانە و چووین لە نەخۆشخانە پرسیارمان کردووە و تەرمەکەمان وەرگرتووەتەوە.'"

بە گوتەی جەمیلە عەبدوڵڵا، دایکی محەممەد، بکوژی کوڕەکەی برای بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت، "کوشتوویەتی و لە نەخۆشخانە فڕێی داوە و گوتوویەتی: من کوشتوومە،" بەڵام تاوەکو ئێستا بنەماڵەی تۆمەتبارەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.

تەرمی محەممەد بوورهان لەلایەن خێزانەکەیەوە بە خاک سپێردراوە، بەڵام وەکو خۆیان دەڵێن، پرسەیان بۆ دانەناوە، "لەبەر ئەوەی زۆر کەیسی دیکە ئاوا بە لاڕیدا چووە و داوا لە جەنابی سەرۆک دەکەین بۆ ئەو کەیسە بێتە سەر هێڵ، بۆئەوەی بە لاڕیدا نەبرێت و تۆڵەی خوێنی محەممەد بکرێتەوە."

روژدی بوورهان دەڵێت، ئەگەر کەیسی برایەکەم بە لاڕیدا ببرێت، "ئێمەش عەشیرەتین و هەڵوێستی دیکەمان دەبێت."

 
پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، رۆژی 18-04-2023 کاژێر 09:00ی شەو رووداوێکی کوشتن روویدا لە شەقامی 120 مەتریی شاری ھەولێر و تۆمەتبار (م. ص. ع) لە ھەمان کاتدا خۆی رادەستی یاسا کرد و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە