دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵای دژی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواخرا

19-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى سکاڵایەک کرد کە لە دژی ناردنى 400 ملیار دینارەکەى هەرێمى کوردستان پێشکێش کرابوو، بەڵام دانیشتنەکە بۆ مانگى ئایار دواخرا و وەزارەتى دارایی عێراق وەک لایەنى سێیەم خرایە نێو دۆسیەکەوە.

رۆژی چوارشەممە، 19ـى نیسانى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى سکاڵایەکەوە ئەنجامدا لەدژى ناردنى 400 ملیار دینارەکەى حکومەتى فیدراڵى بۆ هەرێمى کوردستان، دادگە بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ 23ـى مانگى ئایارى داهاتوو دوابخات.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیای رووداو لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراقەوە دەستی کەوتوون، دادگەکە بڕیاریداوە لایەنى سێیەم بخاتە نێو سکاڵاکەوە بۆ پرسیارکردن لێى کە وەزارەتى دارایی عێراقە بۆ ئەوەى لە کۆبوونەوەى داهاتووى دادگەکەدا ئامادە بێت.
 
سکاڵاکە لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارى حکومەتى عێراق بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکەى پشکى هەرێمى کوردستان کە یەکەمیان تایبەتە بە ناردنى 400 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى و دووەمیشیان تایبەتە بە ناردنى هەمان بڕە پارە وەکو قەزر لەلایەن بانکى بازرگانیى عێراق (TBI).
 
پاساوى ئەو پەرلەمانتارە بۆ تانەدان لە بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارەکە ئەوەیە کە پێچەوانەى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵییە کە لە 25ـى کانوونى دووەمى 2023، دەریکردووە و ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى بە "نادەستوورى" لە قەڵەم دا، کە تایبەتن بە ناردنى بەشێک لە پارەی بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە ساڵانى 2021 و 2022.
 
ئەوە لەکاتێکدایە 18ـى نیسانى 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
پێشتر لە 13ـى ئادارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق داواکارییەکى مستەفا سەنەدی رەتکردەوە، بۆئەوەى بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمى کوردستان "بە شێوەیەکی کاتی" رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکەى لەو دادگەیە یەکلایی دەبێتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.