زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک: سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 ئۆتۆمبێلی بردووە

19-03-2024
هونەر رەشید
دوو ئۆتۆمبێل لە شەقامێکی دهۆک بەر لافاو کەوتوون. وێنە: رووداو
دوو ئۆتۆمبێل لە شەقامێکی دهۆک بەر لافاو کەوتوون. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

بەهۆی بارانبارینی بەخووڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک لافاو لە چەند ناوچەیەک دروستبوو. لافاوەکە هێندە بەهێز بوو لە چەند شوێنێک ئۆتۆمبێلیش خۆی لەبەریدا رانەدەگرت و لەگەڵ خۆی رادەماڵی، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانییشی لێکەوتووەتەوە.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییانی دهۆک لافاوی لەم شێوەیان لە 30 ساڵی رابردوودا نەبینیوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لافاوەکە نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی لە ناوچە جیاوازەکان لەگەڵ خۆی بردووە، کە زۆربەیان لە سەنتەری پارێزگاکە بوون؛ ئەمەش جگە لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عەرەب.
 
لە دوای ئێوارەوە جارێکی دیکە بارانی بەخوڕ دەستیپێکردەوە و لافاو دروستبووەوە، لەو سەروبەندەدا هاونیشتمانییەک کەوتە نێو ئاوەوە، کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا. 
 
هاونیشتمانییەکە ناوی عەبدوڵڵا بیلال بووە، تەمەنی 12 ساڵ بووە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە. 
 
تابان فازڵ، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ حەوت کەس کە بەهۆی لافاوەوە تەندروستییان تێکچووبوو و بریندارببوون، گەیێندرابوونە نەخۆشخانەکانی دهۆک و هەموویان رەوشی تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. 
 
تەنیا لە شەقامی بارزان لە دهۆک، نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل لە شوێنی جیاجیا گیریانخوارد و خەڵک و تیمەکان بەدەمیانەوە چوون و هاوکارییان کردن.
 
عەلی حسام، شۆفێر چووە هاوکاریی خەڵک بکات و دەڵێت، لانیکەم شەش بۆ حەوت ئۆتۆمبێلی لەنێو لافاو رزگارکردووە.
 
 
شوکری حەمید، موختاری گەڕەکی سەرهەڵدان دەڵێت، جارێ نازانن زیانەکان چەندن و لافاو ئۆتۆمبێلی زۆری لەگەڵ خۆی بردووە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی قەرەباڵخیی زۆر لە دهۆک بەهۆی ئەوە بوو کە دەوامی فەرمی هەبوو و پشوو رانەگەیێندرابوو. دوای دروستبوونی لافاو لە شەقامی بارزان و دروستبوونی قەرەباڵخی لەسەر شەقامەکە، هاتووچۆی دهۆک داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
 
عەقید رەنجبەر عەبدولڕەحیم، بەرپرسی هاتووچۆی دهۆک تکا لە خەڵک دەکات کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو بارانبارینەکە کەمتر دەبێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ لە سەنتەری دهۆک، سەرجەم رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 509 ملیمەترە و بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.