رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 1:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی تەقە لە لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە کرا، کارگێڕی لقی 12ی پارتی بە رووداوی راگەیاند، "چەند گوللەیەک بەر باڵەخانەکە کەوتوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
نوورەدین بەشارەتی، کارگێڕی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەلایەن ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕ سکیلێکەوە تەقە کراوە و چەند گوللەیەک بەر باڵەخانەی لقی 12 کەوتوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و کەسیش بریندار نەبووە."
کارگێڕی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە هەڵەبجە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات "بەزوویی ئەو کەسانە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و رەوانەی دادگەیان بکەن."
نوورەدین بەشارەتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە نازانن کێ تەقەکانی کردووە، بەڵام "دۆسیەکە بۆ دادگە جێدێڵین." دەشڵێت "ئەمە یەکەم جار و کۆتاجاریش نابێت لقەکەمان بەئامانج بگیرێت و بەر دەستڕێژی گوللە بکەوێت."
بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی: توانای هێزەکانی پۆلیس دەکەوێتە ژێر پرسیار ئەگەر ئەمجارە تەقەکەران نەدۆزرێنەوە
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کاژێر 1:00ی شەوی رابردوو چەند چەکدارێک تەقەیان لە بارەگای لقی 12 کردووە و لەلایەن پاسەوانانی لق وەڵامدراونەتەوە و رایانکردووە. دەشڵێت "توانای هێزەکانی پۆلیس دەکەوێتە ژێر پرسیار ئەگەر ئەمجارە تەقەکەران نەدۆزرێنەوە."
بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان هەر شەوی رابردوو سکاڵایان تۆمارکردووە و "داوادەکەین دەزگا ئەمنییەکان تەقە کەرەکان دەستگیر بکەن."
بەگوتەی بەسام عەلی، ئەوان تاوەکو ئێستا نازانن تەقەکەرەکان کێبوون و چەند کەس بوون، بەڵام "پێدەچێت 2 تا 3 کەس بووبن، ئەمە کاری دەزگا ئەمنییەکانە تەقەکەرەکان دەستگیربکەن و رێگە لەو کارانە بگرن".
سەبارەت بە زیانەکان و ئەو شوێنانەی گوللەیان بەرکەوتووە، بەسام عەلی دەڵێت "خۆشبەختانە تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا ئەو فیشەکانەی تەقاندوویانن بەر بارەگای لق کەوتوون، ئەمە یەکەمجاریش نییە تەقە لە لقی پارتی و بارەگاکانی دەیکەمان دەکرێت، تائێستاش کەس لەسەر ئەو تەقەکردنە دەستگیرنەکراوە، لەبەرئەوە کاری دەزگە ئەمنییەکانی هەڵەبجەیە سنوورێک دابنێن بۆ ئەم جۆرە کارانە."
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: رووداوەکە چۆن روویداوە، باس لەوە دەکرێت لە دوو شوێنی جیاوازەوە تەقە لە بارەگای پارتی کراوە؟
بەسام عەلی: کاژێر 1ی شەوی رابردوو لە دوو شوێنی جیاوازەوە لەلایەن ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسوارێکەوە تەقە لە بارەگای لقی 12 کراوە، لەلایەن پاسەوانەکانی لقی 12 وەڵامدراونەتەوە پاشتر ئەوان شوێنەکەی خۆیان جێهێڵاوە.
رووداو: لە رێگەی کامێرا چاودێرییەکانی خۆتانەوە رووداوەکەتان تۆمارکردووە؟
بەسام عەلی: لە دووری بارەگای لقەوە تەقەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو سنوورە دەتوانن لە رێگەی ئەو کامێرایانەی لەسەر ماڵەکان و دامەزراوەکانی حکومەت هەیە لەو سنوورە، بکەرانی ئەم کارە بدۆزنەوە.
رووداو: سکاڵاتان تۆمارکردووە؟
بەسام عەلی: هەر دوێنێ شەو ئێمە وەکو لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە.
رووداو: گومانتان لە کێ هەیە؟
بەسام عەلی: ئەمە کاری دەزگا ئەمنییەکانی ئەم سنوورەیە بۆ ئەوەی بکەرانی بدۆزنەوە، بۆیە نامانەوێت پێش لێکۆڵینەوەکان دەستی تۆمەت بۆ هیچ کەسێک رابکێشین.
رووداو: بەنیازی چین لەسەر ئەو رووداوەی روویداوە، دەتانەوێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هیچ گفتوگۆیەکتان هەبێت؟
بەسام عەلی: بەڕاستی ئەمە چەندینجارە کە بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەقەیان لێدەکرێت، بەڵام بەڕاستی ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە بۆ تەنیا جارێکیش بکەرانی ئەو کردەوانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو سنوورە نەدۆزراونەتەوە، من لێرەوە راشکاوانە دەیڵێم ئەگەر ئەمجارەش وەکو جارەکانی دیکە کەس نەدۆزرێتەوە ئەوا توانای دەزگای پۆلیس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
رووداو: پێتانوایە بۆچی لەو کاتەدا هیرش کراوەتە سەر بارەگاکەتان؟
بەسام عەلی: بەدیاریکراوی ناتونم بڵێم بۆچی لەم کاتەدا، بەڵام ماوە ماوە هێرش کراوەتە سەر بارەگای لقی 12 و بارەگای لقەکانی دیکەی ئەو سنوورە و ناوچەکانی پارتی لەو سنوورە، بەڵام پێویست بەوە دەکات سنوورێکی بۆ دابنرێت، پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی ئاسایش و پۆلیس بەشێوەیەک کار لەسەر ئەم دۆسیانە بکەن کە ئیتر سنوورێکی بۆ دابنرێت و کۆتایی پێبهێندرێت.
رووداو: وەکو ئاماژەت پێدا پێشتریش بارەگاکانی پارتی لەو ناوچەکانی دیەک هێرشیان کراوەتە سەر و درستڕێژی گوللـەیان لێکراوە، ئەنجامی ئەو سکاڵایانەی تۆمارتان کردووە بەکوێ گەیشتووەو چ ئەنجامێکی هەبووە؟
بەسام عەلی: بە داخەوە بۆ یەکجاریش بکەرانی ئەو کارانە دەستگیر نەکراون و نەدۆزراونەتەوە، ئەوەش ئەوەش ئەو پرسیارە سەرەکیەکەیە کە ئێمە لە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی دەکەین لەو سنوورە، من جارێکی دیکە راشکاوانە دەیڵێمەوە ئەگەر بێت و ئەمجارەش وەکو جارەکانی دیکە کار لەسەر ئەم کەیسە نەکرێت، ئەوا توانای دەزگای پۆلیس لە پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەندە کامێرای چاودێری هەیە لەو سنوورە، ئەگەر کاری لەسەر بکەن و لێکۆڵینەوەی جیددی هەبێت دەتوانن بکەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ