لە بەرامبەر دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوای بەپارێزگاکردنی چوار قەزای عێراق دەکرێت

19-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە پەرلەمانتارانى عەرەب داوادەکەن دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لەگەڵ بەپارێزگاکردنى چەند قەزایەکى دیکە بکرێتە یەک پاکێج، ئەندامێکى کوردى لیژنەى یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت بەڵێن دراوە سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەنگدان بە یاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بخاتەوە کارنامەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ.
 
بڕیارە پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (سێشەمە 19ـی ئەیلوولى 2023) کۆببێتەوە بەبێ ئەوەى کارنامەکەى راگەیاندبێت، لەدواى ئەوەى لە کۆبوونەوەى 18ـی ئەیلوولى پەرلەمان، بڕگەى دەنگدان بە یاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دواخرا و کۆبوونەوەکەش هەڵگیرا.
 
رۆژی 19ـی ئەیلوولى 2023 دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرۆکایەتیى پەرلەمان بەڵێنی دا بۆ کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بڕگەى دەنگدان بە بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دابندرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارنامەکی کۆبوونەوەکە رانەگەیێندراوە.
 
دارا سێکانیانى گوتی ''موحسین مەندەلاوى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان کە سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکەى دوێنێى دەکرد، رایگەیاند ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایان کردووە دەنگدان بە یاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دوابخرێت". گوتیشى "ئەوانەى داواى لابردنى بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجەیان کردووە، پەرلەمانتارى سوننە و شیعەش بوون". 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، پاساوى دواخستنى دەنگدان بە یاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لەلایەن ژمارەیەک لە پەرمانتارانى عەرەبەوە بۆ ئەوە بووە؛ چەند قەزایەکى دیکە بکرێنە پارێزگا، لەوانە تەلەعفەر لە سنوورى نەینەوا، خورماتوو لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین، زوبێر لە سنوورى پارێزگاى بەسرە و فەللوجە لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار.
 
رۆژی 19ـی ئەیلوولى 2023 کوردۆ عومەر، جێگیرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێت دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە و ئەو قەزایانەى دیکە بەیەک پاکێج بێت."
 
 پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادەى باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.
 
پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەندی شار و چوار ناحیە پێکدێت و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە. 
 
هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق، رووبه‌ره‌كه‌ی‌ 1,599 كیلۆمه‌تر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت و لەگەڵ ئێراندا 75 کیلۆمەتر سنووری هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.