بەهۆی گیرخواردنیان لە سعودیە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان و عومرەکارانی کوردستان کەوتووە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو عومرەکارانەی بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە لە سعودیە گیریان خواردووە لەسەر هێڵن، بەڵام "ئەنجامی دڵخۆشکەریان" دەستنەکەوتووە، بەپێی بەدوادچوونێکی رووداو نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بە عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەگات.
 
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لەگەڵ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق و دەستەی حەج و عومرەی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڕاندنەوەی عومرەکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست نەهاتووە، ئەوان کێشە بۆ خشتەی گەشتەکانیان دروستبووە و پێشتر خشتەیەکی دیکەیان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، دەستکراوە بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی دەیانەوێت لە رێگەی زەوینییەوە بگەڕێنەوە و "ئەمڕۆ لە رێگەی حەوت پاسەوە 350 عومرەکار دەگەڕێندرێنەوە."
 
لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەوە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراق نەیتوانیوە عومرەکارانی کوردستان بگەڕێنننەوە، بۆیە نزیکەی 2500 عومرەکاری کورد گیریان خواردبوو، بەشێکیان بەڕێگەی زەوینی گەڕاونەتەوە، بەڵام بەشی زۆریان لەو وڵاتە ماون و چاوەڕوانیی چارەسەری کێشەکانیان دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەبارەی کێشەکە، هەر عومرەکارێک تێچووی تکتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە نزیکەی 250 دۆلارە، کە بە تێكڕا 625 هەزار دۆلار دەکات بۆ 2500 عومرەکارە.
 
زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش بۆ هەر رۆژێک زیاتر مانەوە 100 دۆلارە، کۆی گشتیی زیانی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا 250 هەزار دۆلار دەبێت، بەو پێیە کۆی زیانەکە نزیکەی 875 هەزار دۆلار دەبێت، لەگەڵ کاتی زیاتر زیانەکان زیاتر دەبێت.
 
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بە رووداو-ی راگەیاند، ئەوان بە عومرەکارانیان راگەیاندووە، ئامادەن پاس بۆ هەموو ئەو کەسانە تەرخان بکەن کە دەیانەوێت لەرێگەی زەوینییەوە بگەڕێنەوە.
 
رێبوار ئازاد گوتی: "ئێمە لەبەر ئەوەی گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی هەبووە، ئەوان پێشتر رەزامەندییان لەسەر گواستنەوەی عومرەکاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە نیشانداوە، بەڵام ئێستا لە هێنانەوەی ئەو عومرەکارانە دەڵێن، کێشەی نەبوونی فڕۆکەیان هەیە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەشێک لە عومرەکاران بەنیازن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بکەن، چونکە زیان بەر ئەوان و کۆمپانیاکان و عومرەکاران کەوتووە، لە سکاڵاکەدا داوای قەرەبووکردنەوەش دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک بارزانی لەدوای بینینی نمایشەکە

دەرهێنەرى 'داستانی کوردستان': سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانی خۆیان داوای بینینی شانۆگەرییەکەیان کردبوو

لە ماوەی شەش رۆژی نمایشی شانۆگەریی داستانی کوردستاندا لە دهۆک، رۆژانە هۆڵی شانۆگەرییەکە پڕدەبوو لە هەوادارانی شانۆ و زیاتر لە سێ هەزار کەس شانۆکەیان بینیوە. دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە دەڵێت، پێشبینیان نەدەکرد بەم شێوەیە پێشوازى لە بەرهەمەکەیان بکرێت.