رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، کەسانێک بە ئۆتۆمبێلەکانیان بوونەتە هۆی بێزاریی خەڵک؛ تاوەکو بڕیاری پێویست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەچێت، هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئەیلوولی 2024، لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "چەند شەوێکە لە شوێنی گشتی و شەقامە سەرەکییەکاندا، کەسانێک بە ئۆتۆمبێلەکانیان بوونەتە هۆی بێزاری خەڵک. بە كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل، داپۆشینی جام، ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان بە وێنه، پۆستهر، دروشم، لۆگۆ و ئامێرى بێزاركهر بەکاردەهێنن."
لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر دەڵێت: "جگە لەوانەش، بوونەتە هۆی دروستکردنى قەرەباڵغییەکى زۆر و ئاستهنگى هاتووچۆ لە نێو شار و شوێنە گشتییەکاندا."
لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشداریی داوەتە ئەو کەسانە و رایگەیاندووە، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو دەرکردنى بڕیاری پێویست لەبارەى بانگهشهى ههڵبژاردن، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە هیچ شێوەیەک ئەو کارانە رێگەپێدراو نییە"
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر، پۆلیسى هاتووچۆ، ئاسایش و پۆلیس دەستکراوەکراون بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ئەو جۆرە سهرپێچییانە بکات، بە پێچەوانەوە، هەرکەسێک پابەند نەبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەى دادەگیرێت.
تائێستا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێنەکردووە. رۆژی 14-09-2024 حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردن پەسند دەکات و رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەستنیشان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ