مەسرور بارزانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رادەسپێرێت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەرەکان بکات

18-06-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رادەسپێرێت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 18-6-2024، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی بەلەمی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات. لەنێو بەلەمەکەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەبوون کە تائێستا ژمارەیەکیان رزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان دیار نییە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە لەپەیوەندیدان، ئەوە وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تاوەکو هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات. 
 
لەوبارەوە رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە رووداوی گوت: "لە یەکەم رۆژەوە بە فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا و دامودەزگە فەرمییەکان لەسەرهێڵین. تاوەکو ئێستا ئەوەی روونە 4 کەس لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە؛ یەکێکیان هەر گەیشتووەتە کەناری ئاوەکە گیانی لەدەستداوە. سێیەکەی دیکەش تەرمەکانیان لەنێو ئاوەکەدا دەرهێندراوە."
 
بە گوتەی رێزان حەمەساڵح، باس لەوە دەکرێت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی باشووری ئیتاڵیا 6 کەسی کورد هەن و لە نێویاندا منداڵ و گەنج هەیە. گوتیشی: "بەڵام تاوەکو ئێستا زانیارییەکان بە فەرمی بە ئێمە نەگەیشتوون؛ بۆیە ناتوانین ناوەکان بڵاوبکەینەوە. بەیانی خۆم لەوێ ئامادە دەبم و زانیاریی تەواو بڵاودەکەینەوە."
 
بەلەمەکە لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتووە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، 76 کۆچبەری تێدا بووە. خاچی سووری ئیتاڵیا دەڵێت، تەنیا 12 کۆچبەر رزگارکراون و ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."