رێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەڕێوەدەچێت

18-04-2024
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێوڕەسمی هەزاردەف لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی گوندەکە لە یونسکۆ وەکو میراتێکی جیهانیی لە بواری مێژوویی و گەشتیاری.
 
بە بەشداری زیاتر لە هەزار دەفژەن، رۆژی هەینی 19-04-2024 رێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامێرانی پارێزگای سنە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەسعەد فەرهادی، سەرۆکی ناوەندی هونەریی پارێزگای سنە دەڵێت، دەفژەنانی سنە، دێولان، مەریوان، کامێران، سەقز، دیواندەرە و کرماشان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن و ژمارەیەک دەفژەن لە تاران، هەمەدان، ئیسفەهان و چەند شاری دیکەی ئێرانیش بانگهێشت کراون. جگە لە دەفژەنی، لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک گۆرانیبێژیش مەولوودی دەخوێننەوە و سروودی ئایینی دەڵێنەوە.
 
فەرهادی دەڵێت، ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو رێوڕەسمە، ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی پاڵنگان وەکو میراتێکی جیهانی لە رێکخراوی یونسکۆ.
 
ئارمان وەتەندوست، جێگری بەڕێوەبەری گەشتیاری پارێزگای سنەش رایگەیاند، هەزار دەف دەکرێتە رێوڕەسمێکی ساڵانە و بڕیار دراوە هەموو ساڵێک لە دوایین هەینی مانگی خاکەلێوە (یەکەم مانگی بەهار) رێوڕەسمی هەزار دەف لە پاڵنگان بەڕێوەبچێت.
 
پاڵنگان لە ناوچەی هەورامان و لەنێوان شارەکانی کامێران و پاوە هەڵکەوتووە. بەپێی دوایین سەرژمێری گشتی، پاڵنگان نزیکەی 200 ماڵە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی هەزار کەسە. لە قەدپاڵی چیایەکی بەرز هەڵکەوتووە و خانووەکانی لە بەرزایی و نێو تاشەبەردی چیاکان بە شێوازی پلیکانەیی دروستکراون. رووباری سیروانیش بە داوێنی گوندەکەدا تێدەپەڕێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".