گوتەبێژی خوێندنی باڵا: ئەمساڵ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان 65٪ دادەشکێندرێت

18-03-2024
ژیڤان بەکر
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ماوەی پێنج ساڵە، ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە 45٪ داشکان نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ هاونیشتمانییان دەگەڕێنێتەوە لەو رێژەیە 20٪ـیشی زیاد کرد، بەمەش 65٪ داشکاندنی کردووە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکات، باسی دوایین بڕیارەکانی وەزارەتەکەی کرد سەبارەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن.
 
عەباس ئەکرەم دەڵێ "ماوەی 5 ساڵە، ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە 45٪ داشکان نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ خێزانی قوتابی و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، جارێکی دیکە بڕیاری داوە 20٪ـی دیکەش بشکێنێت. بەمەش کۆی داشکانەکە دەبێتە 65٪."
 
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی کۆبووەوە. وەزیری خوێندنی باڵا سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە؛ گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی زانستی و ئەکادیمی کرا. لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز و راسپاردە خرایە بەردەم ئەنجوومەنەکە، یەکێک لەوان ئەوە بوو بەهۆی بارودۆخی دارایی خوێندکاران و خەڵکی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا 20٪ کرێی خوێندن بۆ پارالێل، ئێواران، بەرایی، بەکەلۆریۆس و خوێندنی باڵا دابشکێندرێت. ئەمەش سەرجەم قوتابی و خوێندکارانی ئەو قۆناخانەی خوێندن دەگرێتەوە.  
 
عەباس ئەکرەم دەشڵێت "بڕیارەکە ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە پارەی سیمستەری یەکەمیان نەداوە. ئەوانەی سیمستەری دیکەیان ماوە، دووبارە 20٪ـیان بۆ کەم دەکرێتەوە. هەوڵی وەزارەت ئەوەیە؛ دەرفەتی خوێندن بەخۆڕایی بۆ قوتابی و خوێندکارانی خۆمان بڕەخسێنین."
 
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، خوێندنی باڵا توانی دوو گەڕی خوێندنی باڵا (ماستە و دکتۆرا) بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەمجار دیپلۆمی باڵا خوێندرا. دیپلۆمی باڵا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لەژێر 60 نمرەیە؛ ساڵێک دەخوێنن بۆ ئەوەی بتوانن لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن و سوودمەند بن.
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "پێشنیاز کراوە گەڕێکی دیکە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. داوا لە زانکۆکان کراوە بۆ ئەم مەبەستە پلانی خۆیان بۆ وەزارەت بنێرن. هەموو ئەوانەی فەرمانی زانکۆییان هەیە و بە خوێندکاری ماستەر و دکتۆرا، لە گەڕی داهاتوو بەشدار دەبن. دەرفەت بۆ کەسی دیکەش دەڕەخسێندرێت، دەتوانن دووبارە داواکانیان تۆمار بکەنەوە."
 
لەبارەی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە، عەباس ئەکرەم روونی کردەوە "لە رابردوودا لەگەڵ ستافی زانکۆی هەڵەبجە ئامادەکاریمان کردووە. وەزیری خوێندنی باڵا بۆ قۆناخی یەکەم بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ بنیادنانی ئەو کۆلێژە تەرخان کردووە. هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردووەتەوە ئەو بەش و کۆلێژانەی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، پێویستە ئەو بەشانە بن کە پێداویستی بازاڕی ئێستا پڕ دەکەنەوە."
 
لەبارەی پرسی دەرماڵە عەباس ئەکرەم ئاماژە بەوە دەکات وەزیری خوێندنی باڵا لە سەردەمی کۆرۆناوە هەوڵی داوە دەرماڵە دابین بکرێت ''ئەو داواکارییە جێبەجێ کرا و ساڵانە بڕی 7 ملیار و 250 ملیۆن بۆ ئەم مەبەستە دابین کراوە. وەزارەت سات بەدوای سات هەوڵدەدات ئەو بڕیارە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. دڵنیایی بە خوێندکارانمان دەدەین هەوڵدەدەین هیچ دەرماڵەیەکیان نەفەوتێت.''
 
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا عەباس ئەکرەم باسی یەکەمەکانی زانکۆی کرد و رایگەیاند بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە هەموو خوێندکاران دابمەزرێندرێن ''بەڵام لەم خولەی کابینەی حکومەت، دەرچووانی 2016 – 2017 و دەرچووانی 2017 – 2018 سەدان کەسن و فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە. هاوکات دەرچووانی یەکەم، دووەم و سێیەم وەکو ئیمتیاز لە خوێندنی باڵا پارەیان لێ وەرناگیرێت و بەخۆڕایی دەخوێنن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."