کۆمەڵەی هەنگەوانان: هەنگەوانانمان لەدەست شاژنە مێش هەنگە نەخۆشەکان داد و بێدادیانە

31-01-2025
پێشەوا بەختیار
هەنگەوانێک سەرقاڵی کارکردنە. وێنە: رووداو
هەنگەوانێک سەرقاڵی کارکردنە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

قاچاخچێتی مێش هەنگ لە ئێرانەوە زیانی بە هەنگەوانانی کورد گەیاندووە و نەخۆشیی بڵاوکردووەتەوە. کۆمەڵەی هەنگەوانانیش هەوڵی یاسایی دەدەن بۆ رێگرتن لێی.
 
مام حوسێن هەنگەوانێکی بەنێوبانگی دەڤەری خۆشناوەتییە و لە تەمەنی گەنجێتییەوە دەستی بە کارەکەی کردووە تاوەکو ئەوەی سەری تێدا سپی کردووە، ئەوەی نیگەران و بێزاری کردووە هێنانی مێش هەنگە بە قاچاخ لە سنوورەکانی ئێرانەوە، چونکە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ هەنگەکانی و ساڵانە زیان لە بەرهەمەکانیان دەدات.
 
حوسێن رەسوول، هەنگەوان دەڵێت، "زۆر دێن بە قاچاخ، بە دانە نایەت، بە هەزاران دێت و یەک دنیا نەخۆشیی پێوەیە. شاکەیان پیر بووە، ئەوەی من دیتم هەموو نەخۆشی ڤاروای پێوەبوو، زەرەری بۆ مێش هەنگەکانی خۆشمان هەبوو."
 
ئەو مێش هەنگانەی بە قاچاخ لە ئێرانەوە هێندراونەتە دەڤەری راپەڕین، لەوێوە بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان و عێراق بڵاودەکرێنەوە. مام خالید هەنگەوانێکی سلێمانییە، لە باب و باپیرانیەوە هەنگەوانیی بۆ ماوەتەوە، ساڵانێکە مێش هەنگی قاچاخ زیانی لە خۆی و هاوڕێکانی داوە؛ هەرچەند دەگەڕێن، بەڵام نەیانتوانیوە چارەسەری گرفتەکە بکەن.
 
خالید محەممەد، هەنگەوان دەڵێت، "ئەو مێش هەنگانە لە سنوورەکانەوە داخڵ دەکرێن، خراپن. ئەوەی هاتووە، بەناوی عێراقەوە هاتووە، چونەتە حەولیەکەی کەرکووک وێنەیان گرتووە، گوتوویانە لە کوردستان دەرمانکردووە، کەچی لە ناوشوانە هێناویانەتەوە سلێمانی."
 
کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێن، هەنگەوانەکانیان داد و بێدادیانەوە لەدەست ئەو شاژنە مێش هەنگانەی پیر و نەخۆشن و هاوردە دەکرێن، "بەدواداچوونمان کردووە، پارێزەرەکانمان ئاگادار کردووەتەوە سکاڵا بکەن، چونکە هەموو ئەو مێش هەنگانە بە قاچاخ دێنە کوردستان."
 
عەلی محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان دەڵێت، "ئێستا قسەم کرد لەگەڵ کەسێک لە رانیە و قەڵادزێ، شەکوای هەبوو، دەیگوت بە قاچاخ دێت، هەر بەلۆری دەیهێنن. لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارمانن، بەڵام هەر بە قاچاخ دێت. باشترین شت ئەوەیە، هەر کەس هەنگ بهێنێتم سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان 10600 هەنگەوان هەن، ساڵانە نزیکەی 80 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنن؛ هەنگەوانەکان بەنیازن پەرە بە بەرهەمهێنانی شاژنی هەنگ لە کوردستان بدەن و ئیدی هاوردە نەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە