گرانی کارەبا و ساخنەبوونەوەی بەرهەم، لە 7 ساڵدا 800 کارگەی سلێمانی داخستووە

18-01-2025
پێشەوا بەختیار
یەکێک لەو کارگانەی بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانی داخراوە.
یەکێک لەو کارگانەی بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانی داخراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای شەش مانگ لە داخستنی، ئاریان بۆ کارگە لەکارکەوتووەکەی گەڕاوەتەوە، لەو شوێنانە دەڕوانێت رۆژانێک 40 کەس کاریان تێدا کردووە و پڕ کار بووە، بەڵام بەهۆی گرانبوونی نرخی کارەبا لە 20 بۆ 144 دینار و ساخ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، ناچار بووە کارگەکەی دابخات.
 
ئاریان عارف، خاوەنی کارگەکەیە و دەڵێت، "لە واژۆیەکەوە تاوەکو دانانی کارگە ئیشمان بۆ قورس دەکەن، کارگەیەک دابنێیت دوو ساڵی دەوێت. کارەبا ئەوەندە گرانە هەر بۆمانی دەرناهێنێت، ناچاربووم کارگەکەم چۆڵ بکەم و دایبخەم. ناچارم بڕۆم بۆ وڵاتێکی دیکە یان جنووب."
 
یەکێک لە کارگەکانی ناوچەی پیشەسازی عەربەت، لەچوارەم ساڵی دەستبەکاربوونیدا شەش مانگە بەهۆی ساخ نەبوونەوەی بەرهەمەکانی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، کاری دوو کارگەی یەک وەبەرهێنەری دووچاری داخستن کردووەتەوە کە سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە و 60 کەسیشی بێ کار کردووە. 
 
برایان ئاوان، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیاکەیە و باس لەوە دەکات، "داخستنی کارگەکەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناهێڵن بەرهەمەکانمان لە شاری هەولێر و دهۆک ساخ بکەینەوە. لە کاتێکدا ئێمە مۆڵەتی فەرمیمان هەیە و هیچ کێشەیەکی یاساییمان نییە و نازانین بۆ بێ هۆکار وامان لێدەکەن."
 
پەیامنێری رووداو گرفتی خاوەن کارگەکانی بردە ژووری بازرگانیی سلێمانی، ژمارە و هەواڵەکان لای ئەوانیش دڵخۆشکەر نەبوون، چونکە دەڵێن ساڵی 2024 ساڵێکی نەهاتبوو بۆ پیشەسازی شارەکە و خاوەنکارگەکان، چونکە کێشە زیاتر بووە لە دروستکردنی کارگە.  
 
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، "دەتوانم بڵێم ساڵی 2024، ساڵی نەگبەتی بوو بۆ کارگەکان، چونکە مەوادی خام ،لە ئێرانەوە دەهات و ئێرانیش لە بانکی ناوەندیی ناتوانێت پارە حەواڵە بکات. هەروەها رۆتیناتی نەبوونی دەسەڵات لە سلێمانی کە بۆ هەولێر دەگەڕێتەوە مامەڵەکانی دوا خستووە."
 
بەپێی ئامارەکانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە حەوت ساڵدا، لە هەزار و 53 کارگەی پارێزگاکە 800ـیان دووچاری داخستن بوونەتەوە و نزیکەی 100 هەزار کەسیش بێ کار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە