رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لیستی تیروپشكی ناوی حاجییانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە.
تیروپشکەکە بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو کەسانە کراوە کە ساڵی داهاتوو فەریزەی حەج دەیانگرێتەوە. لە تیروپشکەکەدا زیاتر لە 121 هەزار ناو هەبوون و لەو ژمارەیە 4 هەزار و 174 کەس هەڵبژێردران.
رۆژی شەممە، 16-12-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵانی پێش ساڵی 2020یان لەبەردەستدا ماوەتەوە؛ ئەم ساڵیش 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردووە کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، ئەم ساڵ دەرفەتی ئەو کەسانەی کە ساڵانی رابردوو ناویان تۆمارکردووە 60%ـە و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە 40% دەبێت.
بە گوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ساڵانی رابردوو ناویان تۆمار کردووە دوو هەزار و 504 کەسیان بۆ حەجی 2024 ناویان دەردەچێت و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە هەزار و 670 کەسیان ناویان دەردەچێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەڵبژاردنی تەواوی دەرچوواندا ژمارەیەک یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن؛ گوتیشی، "ئەوانەی ئەم ساڵ ناویان دەرناچێت و ئەوانەشی بە یەدەگ ناویان دەردەچێت هیچیان ساڵی داهاتوو ناویان نایەتەوە. ساڵی داهاتوو سیستمی حەج بۆ ئۆنلاین دەگۆڕێت و هیچ ناوێکی کۆن نامێنێت؛ هەموو هاونیشتمانییەک دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە و بە مۆبایلەکەی داوای چوونە حەج تۆمار بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ