رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچە قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، ناوچەکانی چیای جوودی، بەستا، چیای گابار، چیای تەنین و چەند ناوچەیەکی دیکە لە سنووری ئەو پارێزگایە وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تەمووز دەستیپێکردووە و تاوەکو 30 تەممووز بەردەوام دەبێت.
ئەو ناوچانەی بەپێی بڕیاری پارێزگا قەدەخە کراون بریتین لە: "چیای جودی لە نێوان ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچکەی جزیر، سلۆپی، باسا، قلەبان، ئەلکێ، ناوچەی بەستا، چیای گابار، چیای گور، کورەشین، کەلامەمێ، دەورووبەری گوندی پیران، هۆزا مێری، دەورووبەری گوندەکانی تۆڵ و تەنین، فەڕاشین و تەهتاڕەش و چیای زێڕین".
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەکو ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ