"پارێزگاری بە نۆرە" لایەنەکانى کەرکووک بەرەو رێککەوتن دەبات

17-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێشنیازى دوو ساڵ بە دوو ساڵى پۆستى پارێزگارى کەرکووک بۆ کورد و عەرەب، لێکتێگەیشتنی لەبارەوە کراوە و پێویستى بە رێککەوتنە، تورکمان دەیەوێت ببێتە هاوبەش لە نۆرەى وەرگرتنى ئەو پۆستە، بۆ دەستبەرداربوونیشی لەو ویستە، پۆستى دیکەی دەخرێتە بەردەمى.  
   
ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک خۆیان بۆ یەکەم دانیشتنى ئەنجوونەکە ئامادە دەکەن، کە بڕیارە لە دواى جەژنى قوربان بکرێت، بەبێ ئەوەى رێککەوتنى کۆتایی لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو شارەوە کرابێت.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، نزیکترین پێشنیاز بۆ رێککەوتن ئەوەیە؛ پۆستى پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت، لەنێوان کورد و عەرەب، ئەو دوو ساڵەى کورد پۆستى پارێزگارى بەدەستەوە دەبێت، عەرەب سەرۆکى ئەنجوومەن وەربگرێت، دوو ساڵەکەى دیکەش هەردوو پۆستەکە لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت.
 
عەزام حەمدانى، ئەندامى هاوپەیمانیى عەزمى عەرەبی سوننە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "دوو پێشنیاز هەن؛ یەکەمیان ئەوەیە کورد، عەرەب و تورکمان بە نۆرە پۆستى پارێزگار وەربگرن، پێشنیازى دووەم کە زیاتر ئەگەرى سەرگرتنى هەیە ئەوەیە؛ پارێزگار لەنێوان کورد و عەرەب دووساڵ بە دوو ساڵ بێت." 
 
عەزام حەمدانى گوتى "ئەگەر پێشنیازی دووەم رێککەوتنى کۆتایی لەبارەوە بکرێت، دەبێت تورکمان بە پۆستى دیکە قەرەبوو بکرێتەوە." 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو بۆ قایلکردنى تورکمان بە پاڵپشتیکردنى رێککەوتنى دوو ساڵ بەدوو ساڵ، پێشنیازى چەند پۆستێکیان بۆ کراوە، لەوانە یاریدەردەرى پارێزگار، یان بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیس، یان پۆستى دیکە لە حکومەتى فیدراڵى.
 
محەممەد سەمعان، گوتەبێژى بەرەى تورکمانى عێراقى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رێککەوتنى کۆتایی لەبارەى پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی نەکراوە، کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت. پێشنیازى ئەوانیش ئەوەیە پۆستى پارێزگار لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان بە نۆرە بێت."
 
30ـی ئایار، دوایین کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.
 
بەربەستى سەرەکیی بەردەم رێککەوتنى دوو ساڵ بە دوو ساڵ ئەوەیە؛ لە کورد و عەرەب کێ دوو ساڵی یەکەم پۆستى پارێزگار وەربگرێت.
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە پشکى یەکێتیی نیشتیمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مەرجى یەکێتى بۆ رێککەوتنەکە ئەوەیە 'دوو ساڵى یەکەم بۆ کورد و لەنێو کوردیشدا بۆ یەکێتیی نیشتیمانى کوردستان بێت.'
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا یەکێتى پێنج کورسیی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، لە کۆى 16 کورسی ئەنجوومەنەکە. 
 
ئەحمەد کەرکووکی گوتى "ئەوەى پەیوەندیدار بێت بە رێککەوتنى دووساڵ بە دوو ساڵ، لێکتێگەیشتنە و لەدواى کۆبوونەوەى یەکەم بۆ کاراکردنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دانوستاندن دەکرێت بۆ گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی." 
 
هاوپەیمانیى عەرەبی، سێ کورسیی بەدەستهێنا، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە دوو کورسییان بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیوون کورسیى کۆتایی ئەنجوومەنى پارێزگاى هێنا.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە رەوشى دانوستاندنەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر لەدواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە ماوەى یەک مانگدا رێککەوتن نەکرا، حکومەتى فیدراڵى بەشێوەیەکى کاتى کەسێک بۆ پۆستى پارێزگار دیاری دەکات تاوەکو لایەنەکان ناچار بکات رێکبکەون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

چالاکڤانان و رێکخراوەکانی جینۆساید: نابێت رێگە بدرێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان جینۆساید بکرێت

رێکخراوەکان و چالاکڤانانی داکۆکیکار لە کەیسەکانی جینۆساید لە باشووری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، یەکدەنگی خەڵکی چوار پارچەی کوردستان بۆ دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێویستە. یەکێک لە بەشدارانی راگەیێندراوەکە دەڵێت، "ئامانجمان یەک دەنگی کوردە".