رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتى بەرگریى شارستانیى سۆران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دوو گەنج کە بەمەبەستی "گەشت و سەیران" سەردانی هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگیان کردووە، لە کاتی مەلەکردندا خنکاون و تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.
رۆژی هەینی 17-06-2022، بەڕێوەبەرایەتى بەرگریى شارستانى سۆران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی ئاگادارکراونەتەوە لە خنکانی دوو گەنج لەنێو رووباری گەلی عەلی بەگ، تیمەکانی مەلەوانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
لەبارەی ناسمانەی ئەو گەنجانەی کە خنکاون، بەرگریى شارستانیى سۆران ئاشکرای کردووە، یەکێکیان ناوی 'ئیبراهیم شێرزاد'ە و لەدایکبووی 2001ە. ئەوەی دیکەشیان ناوی 'مستەفا رزگار'ە، لەدایکبووی 2003ـیە.. هەردووکیان خەڵکی شاری هەولێرن.
ئەو دوو گەنجە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیان "بەمەبەستی گەشت و سەیران" روویان هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ کردبوو.
لەبارەی دۆزینەوە تەرمەکانیان، بەرگریى شارستانى سۆران ئاماژەی بەوەداوە، دوای نزیکەی کاژێرێک گەڕان توانراوە تەرمی 'ئیبراهیم شێرزاد' بدۆزرێتەوە و لە گەڕانیش بەدوای تەرمی مستەفادا بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ