رووداو دیجیتاڵ
لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و دوو پارێزگای تورکیا بۆ چوار رۆژ هەموو گردبوونەوە و چالاکییەک قەدەخە کرا، هەروەها چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە پارێزگاکان بە مۆڵەت دەبێت
قایمقامیەتەکانی پارێزگاکانی ئامەد، مێردین، وان، بەدلیس، مووش، ئاگری، چەولیگ، ئیلیهـ، سەمسوور، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، خارپێت، جۆلەمێرگ، قەرس، سێرت، روها، شرنەخ و وانی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئیزمیر و ئادانای تورکیا ئیوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایار رایانگەیاند، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانان بۆ چوار رۆژ قەدەخەیە.
بڕیارەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 17ی ئایار دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 00:00ـی رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایار بەردەوام دەبێت. سەرجەم دەروازەکانی ئەو پارێزگایانە لەو چوار رۆژەدا دادەخرێن و چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە شارەکە بە مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت.
هۆکاری ئەو قەدەخەکردنانە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریی لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕێندراوەتەوە.
ئەم بڕیاری قەدەخەیە دوای ئەوەهات، دوێنێ پێنجشەممە، 83ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانی، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتباران دا.
دەستەی دادوەران، بڕیاری سزاکانیان لە دژی تەواوی تۆمەتبارەکان خوێندەوە کە لە 130 لاپەڕە پوخت کرابووەوە. قورسترین سزا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێنرا کە 42 ساڵ زیندانیکردنە. هەروەها ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ