مانگێک بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی کوردستاندا تێپەڕی و دیارنییە کەی کۆدەبنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مانگێک بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئەمڕۆ دیارنییە کەی کۆدەبنەوە. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، هەموو ئەوانەی سوێندیان خواردووە مووچەی مانگی 12 وەردەگرن.
 
ئەمڕۆ هەینی 10-01-2025، بەرپرسێکی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆنەبوونەوەی پەرلەمان پەیوەندیی بە رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە لەسەر بەربژێرەکانی دەستەی سەرۆکایەتی."
 
02-12-2024 بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار.
 
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بەربژێری سەرکەوتوو لەو رۆژەی سوێندی یاسایی دەخوات هەموو شایستەیەکی پەرلەمانتاریی بۆ هەژمار دەکرێت.
 
بەرپرسەکەی پەرلەمان دەڵێت، "مووچەی پەرلەمانتار بە یاسا جێگیر کراوە و لە هەموو دونیاشدا وایە، بۆیە پەرلەمانتارانی خولی نوێش مووچەی مانگی رابردوو وەردەگرن، هەرچەندە دەستەی سەرۆکایەتیش هەڵنەبژێردرابێت، چونکە ئەوان ئێستا وەکو فەرمانبەرێک وان."
 
لەبارەی کاتی وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانتارانیشەوە ئەو بەرپرسە گوتی، "لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 11 دابەشکراوە، هەرکاتێک خشتەی مانگی 12 راگەیێندرا دەبێت مووچەی پەرلەمانتارانیش بدرێت."
 
02-12-2024 لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب بوون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسوول بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
 
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسوول لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
 
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی، شیرین یونس و شلێر غەفوور؛ هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری لە پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن و کۆبوونەوەکە بە کراوەیەیی ماوەتەوە.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو؛ دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی بەغدا کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی شەممە لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی دواکەوتنی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.