دوای زیاتر لە دوو مانگ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

17-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ 17ی ئایاری 2023ی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی پێشتری پەرلەمان 15ی ئاداری 2023 بووە.
 
هۆکاری راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان تەنیا شەش جار کۆبووەتەوە.
 
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە وەرزی یاسادانانی بەهارەیە و بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، دەبوو زیاتر  لە 17 جار کۆببێتەوە، بەڵام تەنیا دوو جار کۆبووەتەوە.
 
بە هۆکاری ناکۆکیی سیاسی، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو مانگی رابردوودا کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەچوون؛ سەرەکیترین ناکۆکیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر یاسای هەڵبژاردن، داهاتی نێوخۆ و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بوو.
 
هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی

هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەرەتا بە راگرتنی هێرشی میدیایی دژی یەکدی دەستیپێکرد. دواتر لە رۆژی 8ی ئەم مانگەدا و دوای نزیکەی شەش مانگ لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی کۆبوونەوە؛ کۆبوونەوەکە گرژییەکانی کەمکردەوە و بووە هۆکارێکی کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی؛ هەروەها بە هۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانیش دادەنرێت.
 
دوای سێ رۆژ لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، پەیامی رۆژی 11ی ئایاری سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی ژینگەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەبارتر کرد، کاتێک لە گوتارێکدا گوتی، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم، کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات 17ی ئایاری 2023 لە دانیشتنی ژمارە سێی ئاسایی خولی بەهارە بەشداربن کە بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمان، لەو کۆبوونەوەیەدا چوار تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
 
پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کاژێر 12:00 دەبێت و ئەم بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێن و دەنگیان لەسەر دەدرێت:
 
یەکەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە (39)ـی ساڵی 2015 فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان - عێراق).
 
دووەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاری ده‌ستلەكار كێشانه‌وه‌ی حەوت ئەندام پەرلەمان (پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان).
 
سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی چەند ئەندامێکی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دانانەوەی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی دیکە لە شوێنیان.
 
چوارەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسا و پێشنیازە بڕیارێک به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
 
پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامی هەیە؛ لەو ژمارەیە 11 کورسی بۆ پێکهاتەکانە و ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا بەمشێوەیە بەدەستیان هێناوە: پارتی 45 کورسی، یەکێتی 21 کورسی، گۆڕان 12 کورسی، نەوەی نوێ 8 کورسی، کۆمەڵ 7 کورسی، یەکگرتوو 5 کورسی، شیوعی 1 کورسی و لیستی سەردەم یەک کورسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.

سۆزان مەنسوور: وەکو کەرکووک ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە خانەقین نەکرابوو

نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.