لە دهۆک کچێک هەردوو گورچیلەی لەکارکەوتوون و ژیانی لە مەترسیدایە

17-03-2024
هونەر رەشید
هەفتانە سێ جار شۆردنی گورچیلە بۆ وەلا دەکرێت.
هەفتانە سێ جار شۆردنی گورچیلە بۆ وەلا دەکرێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن 20 ساڵان لە دهۆک هەردوو گورچیلەی بە دروستی کار ناکەن و پێویستیی بە هاوکاریی خێرا هەیە. هەفتەی سێ جار شۆردنی گورچیلەی بۆ دەکرێت و دەڵێت، "دەمەوێت بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم." 
 
باوکی کچەکە، ماوەی 10 ساڵە هاوژینی دووەمی هێناوە و هاوژینی یەکەمی و منداڵەکانی جێهێشتوون. 
 
وەلا محەممەد ئەو کچەیە کە هەر لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تەمەنی لە رێگەی نەخۆشخانەوە بەسەربردووە؛ تاوەکو ئێستا 60 هەزار دۆلار بۆ چارەسەرەکەی خەرجکراوە. 
 
وەلا پێویستی بە چاندنی گورچیلەیە، بەڵام باری دارایی خێزانەکە باش نییە و ئەو کارە لەتوانایاندا نییە.
 
کرێچێتی زیاتر تەنگی پێهەڵچنیون، بەجۆرێک مانگانە دەبێت 400 هەزار دینار بدەنە کرێ. 
 
مەیان محەممەد، دایکی وەلایە و دەڵێت، "تەنیا دەمەوێت کچەکەم لە ئازارە رزگاری بێت، زۆر نەخۆشە جگەرگۆشەکەت لەپێش چاوت بمرێت و نەتوانی هیچی بۆ بکەیت. [داوا دەکەین] هاوکاریی وەلا بکرێت. خودا پاداشتی هەموو ئەوانە بداتەوە کە هاوکاریی دەکەن." 
 
وەلا دەڵێت:  ئێستا هەموو ژیانم لەگەڵ دکتۆر، دەرزی و نەشتەرگەری بەڕێدەکەم. نەشتەرگەریی زۆرم کردووە. دەمەوێت وەکو هاوڕێکانم بەردەوامیی بە خوێندنم بدەم." 
 
بەگوتەی پزیشکانی پسپۆر، چارەسەری وەلا بە چاندنی گورچیلە دەکرێت، بەڵام ئەوەش پارەیەکی زۆری دەوێت چونکە بەردەوام پێویستی بە دەرمان دەبێت. 
 
دکتۆر شاکر باڵندی، پسپۆری نەخۆشییەکانی گورچیلەیە و دەڵێت: "دۆخی وەلا ئەوەیە کە گورچیلەکانی پووکاونەتەوە، خاوبوونەتەوە و لاوازبوون. بە دروستی کار ناکەن. کاتێکیش بە دروستی کاری خۆیان ناکەن، پێویستی بەوەیە هەفتانە سێ جار گورچیلەی بشۆردرێت و هەر جارێک چوار کاژێر دەخایەنێت، واتە هەفتەی 12 کاژێر لەگەڵ شۆردنی گورچیلە بەسەردەبات. بەڵام رێگەچارەی باشتر بۆی، لەبەر ئەوەی گەنجە، ئەوەیە کە گورچیلەیەکی بۆ بچێندرێت. ئەوەی خەرجییەکی زۆری دەوێت، کاری دەوێت. لەدوای چاندنیش هەر پێویستی بە دەرمان دەبێت."
 
تاوەکو ئێستا سێ نەشتەرگەری بۆ وەلا کراون، دۆخی تەندروستیی رۆژ بە رۆژ زیاتر تێکدەچێت، چاوی لە دەستی خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ ئەوەی بەهانایەوە بچن. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.