چیرۆکی ئەو دوو گەنجە کوردەی لە جەنگەڵی دانکیخ لە فەرەنسا کوژران

16-12-2024
ناسر پیرۆتی
وێنەی هادی رۆستەمی (لای راست) و حەمید قوربانی.
وێنەی هادی رۆستەمی (لای راست) و حەمید قوربانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی شەممەی ئەم هەفتەیە، کەسێکی بە رەچەڵەک فەرەنسی بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی دەکات بە نێو کەمپی پەنابەران لە دانکیخ و تەقەیان لێدەکات؛ پێنج کەسیان دەکوژێت کە دووانیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
دوو گەنجەکە یەکێکیان ناوی هادی رۆستەمی و ئەوی دیکەیان حەمید قوربانییە. کۆچبەرێکی دیکەی خەڵکی مەریوانیشیان لەگەڵدا بووە و ئەویش بە سووکی بریندار بووە.
 
هادی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی کرماشان بوو و حەمیدیش لە کانی دیناری مەریوان لە پارێزگای سنەوە خۆیان گەیاندبووە دانکیخ و بە دوای ئەوە بوون، خۆیان بگەیێننە بەریتانیا. سەرپێڵی زەهاو و مەریوان 324 کیلۆمەتر لێک دوورن، بەڵام زۆر شت پێکەوەیان دەبەستێتەوە. دانیشتووانی هەر دوو شارەکە کوردن، هەر دوو شارەکە لەسەر سنوور هەڵکەوتوون و دۆخی خراپی ژیان و بێکاری زۆر گەنجی هەر دوو شارەکەی بە داهاتوو بێ هیوا کردووە.
 
کاتێک بەدواداچوونم بۆ چیرۆکی ژیانی ئەو دوو گەنجە کرد و لە هۆکاری کۆچکردنیانم کۆڵییەوە، بۆم دەرکەوت هەردووکیان لەبەر یەک هۆکاری سەرەکی کۆچیان کردووە. ئەویش بێکارییە.
 
حەمید قوربانی
 
لەسەر دیواری ئەو ماڵەی لە شارۆچکەی کانی دینار لە پێنج کیلۆمەتریی مەریوان کەسوکاری تێیدا دەژین، وێنەیەکی حەمید قوربانی هەڵواسراوە کە لە سەری نووسراوە "خواش ئێمەی خۆش ناوێت". ئەو وێنەیە لە پەیجی ئینستاگرامی حەمید وەرگیراوە و دوای کوژرانی چاپ کراوە و لەسەر دیواری ژووری دانیشتنی ماڵەکەیان هەڵواسراوە. 
 
خێزانی حەمید کەمداهاتن و لە خانوویەکی بچووکی کرێدا دەژین. حەمید هیوای بووە، دۆخی ژیانی خێزانەکەی بگۆڕێت، بۆیە بڕیاریداوە کۆچ بکات و بچێتە بەریتانیا. لەوێ کار بکات و بەشێک لە داهاتی بۆ کەسوکاری بنێرێتەوە. ئەو لەدایکبووی ساڵی 2000 بوو. 
 
گەشتی کۆچکردنی حەمید لە 31-08-2024 دەستیپێکردووە. ئەو سەربازی نەکردبوو و پاسپۆرتی نەبووە، بۆیە لە رێگەی قاچاخەوە و لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە خۆی دەگەیێنێتە تورکیا، بێ ئەوەی کەسوکاری ئاگادار بکاتەوە. 
 
لە نێوەڕاستەکانی مانگی نۆ لە تورکیاوە پەیوەندی بە براکەی کردووە بە ناوی ئومێد و پێی گوتووە دەیەوێ کۆچ بکات و پێویستی بە پارەیە. دایک و خوشک و براکەی رازی دەبن، خانوویەکی بچووکی خۆیانی بۆ بفرۆشن تاوەکو بتوانێت بە پارەکەی بگاتە بەریتانیا.
 
باوکی حەمید لە ژیاندا نەماوە. غەفوور قوربانی، مامی حەمید دەڵێت، نزیکەی دوو ملیار تمەن (26 هەزار دۆلار)یان لێ خەرجکردووە هەتا گەیشتووەتە فەرەنسا.
 
ئاهوو قوربانی خوشکی حەمید دەڵێت، براکەی چەندجار لە مردن گەڕاوەتەوە. جارێک لە ئاوەکانی یۆناندا لەگەڵ 81 کۆچبەری دیکە چەند رۆژ بەهۆی لەکارکەوتنی بەلەمەکەیان لەنێو ئاودا ماونەتەوە و دواتر رزگارکراون و بردراونەتەوە یۆنان. لەوێوە چووەتە ئیتاڵیا و لە ئیتاڵیاشەوە رێگەی فەرەنسای گرتووەتەبەر. 
 
هێشتا پەیامە دەنگییەکانی حەمید لەسەر مۆبایلی خوشکەکەی ماون. ئاهوو لە پرسەکەیدا و لەنێو ژنانی خەڵکی کانی دینار و خزم و کەسوکاریان دەنگەکە بڵاودەکاتەوە کە حەمیدی برای بۆی ناردووە و دەڵێت، لە رێگەی کۆچکردندا هەندێکجار چوار - پێنج رۆژ نان نەبووە بیخوات. خوشکەکەی دەڵێت، داواکارییان ئەوەیە خوێنی براکەی بە فیڕۆ نەچێت و بکوژ سزا بدرێت.
 
یەکێک لەو کەسانەی لە پرسەی حەمید دانیشتووە و زۆر دڵگرانە، سەمیرە قوربانییە. ئەو ئامۆزای حەمیدە و بە لەدەستدانی ئامۆزاکەی برینی کولاوەتەوە. سەمیرە گەنجە و هاوژینەکەی چەند ساڵ پێش ئێستا لە رێگەی کۆچکردن لە یۆنان لەدەستداوە. ئەو دەڵێت، گەنجانی کورد ئەگەر لەسەر خاکی خۆیان بەشی بژێوی ژیانیان داهاتیان هەبێت و بتوانن بە ئاسوودەیی بژین، قەت بیر لە کۆچکردن ناکەنەوە. 
 
هادی رۆستەمی
 
هادی رۆستەمی ساڵی 2004 لە گوندی کفروسەڵمان لە ناوچەی پشتەنگ سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە. هەتا دیپلۆم (12ی ئامادەیی) خوێندوویەتی و دواتر چووەتە سەربازی. بەپێی یاسای ئێران، هەر کوڕێک تەمەنی بگاتە 18 ساڵ و نەخوێنێت دەبێ بچێتە سەربازی. هادی درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆیە چووەتە سەربازی و سەرەتای هاوینی ئەم ساڵ (2024) سەربازی تەواو کردووە. دوای سەربازی بێکار بووە و بە دایک و باوکی گوتووە، لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ کارکردن دەچێتە تورکیا. 
 
حەیدەر رۆستەمی، ئامۆزای هادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هادی دوای سەربازی بە پەلە پاسپۆرتی وەرگرتووە و مانگی سێپتەمبەری 2024 لە تارانەوە بە فڕۆکە چووەتە ئیستەنبووڵ. دوای ماوەیەک بە دایک و باوکی گوتووە لە تورکیا نەماوە و گەیشتووەتە فەرەنسا و بە نیازە بچێتە بەریتانیا.
 
بە گوتەی حەیدەر رۆستەمی، دایک و باوکی هادی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بیستووە. دوای ئەوەی هەواڵی کوژرانی کۆچبەرێک بە ناوی هادی لە خێوەتگەی نێو دارستانەکانی دانکیخ لە فەرەنسا لە رووداو بڵاوبووەتەوە، دایک و باوکی نیگەران دەبن و هەوڵدەدەن پەیوەندی بە کوڕەکەیانەوە بکەن. بۆیان دەردەکەوێت ئەو کەسەی کوژراوە، کوڕەکەی ئەوانە.
 
ئامۆزاکەی لەبارەی هۆکاری کۆچکردنی هادی رۆستەمی دەڵێت، لە سەرپێڵی زەهاو ژمارەیەکی زۆر گەنج کۆچ دەکەن و بووەتە چاولێکەری. ئەوان لە ناوچەیەکی پەراوێزخراو دەژین و هەلی کار و داهاتی کەمە، بۆیە بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر، کۆچکردن هەڵدەبژێرن. هادیش یەکێک لەو گەنجانە بووە و بە ئاواتی ئەوەی بتوانێت لە بەریتانیا کار بکات و ژیانێکی باش بۆخۆی دابین بکات و هاوکاری دایک و باوکی بکات، رێگەی کۆچکردنی گرتەبەر.
 
کەسوکاری حەمید قوربانی و هادی رۆستەمی ئێستا دوو داواکارییان هەیە. یەکەمیان ئەوەیە تەرمی منداڵەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەوە چەند کەسیان راسپاردووە سەردانی باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس بکەن، بەڵام زیاتر چاویان لە هاوکاریی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانە. دووەم داواکاریشیان، سزادانی بکوژە. ئەو کەسەی تەقەی لەو دوو کۆچبەرە کردووە، خۆی بەدەستەوە داوە و داواکاری گشتیی فەرەنسا رایگەیاندووە، پۆلیس لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوشتنیان دەکات و بکوژیش دەدرێتە دادگە و سزا دەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.