رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی و رێكخهری ژووری حكومهت لە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بزووتنەوەکەیان "بە هیچ شێوەیەک بڕیاری کشانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادات."
16ی ئەیلوولی 2024 كاوه عهبدوڵڵا، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی و رێكخهری ژووری حكومهت لە بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتییە بزووتنەوەکەوە بە رووداوی گوت، "جگە لەو وادەیەی کە یەکەمجار دانرا بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی، هیچ وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی گۆڕان دیاری نەکراوە."
رۆژی 9ی ئەیلوولی 2024 نزار مهحموود ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، "بڕیارە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییان بێت، دوای تەواوبوونی جڤاتی گشتی، هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و دوای ئەویش رێکخەری گشتی دەکرێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، "دەنگدانی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە نهێنی دەبێت."
رۆژی 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی بزووتنەوەکە لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانێتیی کرد، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
لەبارەی ئەگەری بەشدارینەکردنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەیان، كاوه عهبدوڵڵا محهممهد دەڵێت، "هیچ بڕیارێکی وا نییە و تەنیا دەنگۆیەکە؛ ئەویش سەرچاوەکەی نادیارە. بزووتنەوەی گۆڕان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکات."
رێكخهری ژووری حكومهتی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، "گۆڕان بە هیچ شێوەیەک بڕیاری کشانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادات."
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.
ئەرکەکانی رێکخەری گشتی بریتین لە سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی، هەروەها لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ