بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هیوادارم رووداو هەمیشە وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە لووتکەدا بێت

16-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خەڵاتی ستیڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، هیوادارە هەمیشە رووداو وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە لووتکەدا بێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-08-2023، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق "جوانترین پیرۆزبایی" لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و رایگەیاند، "هیواداخوازین رووداو وەکو چۆن لە رابردوودا توانیوێتی پیشەییانە خزمەت بکات لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا، بەردەوام بێت و هەمیشە وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە لووتکەدا بێت."
 
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا.   
 
خەڵاتەکانی ستیڤی رۆژی 13ـی ئۆکتۆبەر لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دابەش دەکرێن. 
 
بەربژێرەکان و خەڵاتەکەی رووداو
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکان دا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە هەزار کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکان دا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.     
 
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەریی هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)، (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس) هەروەها بەهۆی فروانیی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە. 
 
جگە لە بوولتەنەکانی هەواڵ، تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک بەرنامە و بڕگەی رۆژانە، هەفتانە و مانگانەی هەیە. رێباز عەلی، بەرپرسی بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "لە ئامادەکردنی بڕگە و بەرنامەکاندا سەرنجمان لەسەر هەموو چین و توێژێکە. چیرۆکی تەنیا یەک کەسیش بەلامانەوە گرنگە. هەربۆیەش بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر یەک کێشەی یەک کەسیش دەوەستێت. بڕگەی وەک ژن و پیشە، بۆ نموونە، ئاوڕدانەوەیە لە رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا بە نیشاندانی کاری تایبەتی یەک ژن." 
 
رێباز عەلی باس لەوە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرنامەکانی وەک لەگەڵ رەنج و بەرپرسیارەوە هەوڵدەدات کێشەکانی هاونیشتمانییان پێشانبدات و بەرپرسانیان لێ ئاگادار بکاتەوە؛ هەروەها لە رێگەی بەرنامەکانی وەک دکتۆر ئاراسەوە کاردەکات بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان لە بابەتەکانی پەیوەست بە تەندروستییان ئاگادار بکاتەوە.
 
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەرنامەکانی رووداو لەسەر بنچینەی کێشە و خواستی هاونیشتمانییانە و "ئاماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشانی دەدەن کە هەژمار و پەیجەکانی رووداو لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە یەکەمی بێ رکابەرە. رووداو رۆژ دوای رۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنیش ریکۆردی نوێ تۆمار دەکات." 
 
بەپێی داتای کۆمپانیای مێتا، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا ڤیدیۆیەکانی پەیجی فەیسبووکی رووداو لەلایەن 152 ملیۆن کەسەوە لە جیهان بینراون، 646 هەزار کەس کۆمێنتیان لەسەر بەرهەمەکانی نووسیوە و بەرهەمەکانی رۆژانە نزیکەی هەشت ملیۆن کاردانەوەیان هەبووە. لە ئینستاگرامیش بەرهەمەکانی رووداو لە هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە دەستی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر و لە سەرەتای مانگیشەوە سەردانی بەکارهێنەران بۆ هەژماری رووداو 23٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە بەرنامە و پێشکێشکارەکانی رووداو خەڵات دەکرێن، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە ناوی خۆی لە لووتکەی دامەزراوە پیشەییەکانی جیهان دا تۆمارکرد، لەپاڵ گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و چەندینی دیکەدا کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا بەهۆی سەرکەوتن و داهێنانەکانییەوە خەڵاتی ستیڤی بردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کوێستان محەممەد 205 هەزار ناوی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەباتە بەغدا

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دۆسیەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەردانی بەغدا دەکات و ناوی 205 هەزار کەس لەگەڵ خۆی دەبات.