حەیدەر گەرعاوی: تەنیا 100 هەزار تۆن گەنمی کوردستان ماوە وەریبگرین

16-07-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت، وەرگرتنی گەنمی پارێزگاکانی عێراق وەستاوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا 100 هەزار گەنمی هەرێمی کوردستان ماوە وەری بگرن. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی تەممووزی 2024، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم. لە هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆن وەرگیراوە و لە پێنج رۆژی داهاتوودا چاوەڕێین 100 هەزار تۆنەکەی دیکەی وەربگرین کە لەنێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی لەسەر کراوە". 
 
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە دەڵێت، "وەرگرتنی گەنم لە هەموو پارێزگاکانی عێراق وەستاوە و دوایین پارێزگاکان نەینەوا و کەرکووک بوون. لە رۆژانی 11 و 12ی تەمموزی 2024 ەوە لە وەرگرتنی گەنم وەستاوین. تاکە شوێن کە ماوە گەنمی لێ وەربگرین، سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانە". 
 
بە گوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
لەبارەی زۆرترین بڕەگەنم کە لە چی پارێزگایەک وەرگیراوە، حەیدەر گەرعاوی ئاماژەی بە پارێزگای نەینەوا دا و گوتیشی، "دوای پارێزگای نەینەوا، کەرکووک بە پلەی دووەم، سەڵاحەدین بە پلەی سێیەم، واست بە پلەی چوارەم و ئەنبار بە پلەی پێنجەم دێن. پارێزگەی بەسرەش کەمترین گەنمی هەبووە". 
 
لەبارەی باشترین گەنمی ئەم وەرزە، حەیدەر گەرعاوی گوتی، "باشترین گەنمی ئەم وەرزە گەنمی کەربەلا بوو، هەروەها گەنمی موسەننا و سەماوەیش باش بوو، چونکە ناوچە بیابانەکان بە تەکنەلۆجیای نوێ گەنمیان تێدا چێنرا، هەروەها زەوییەکان یەکەم جار بوو گەنمی تێدا بچێندرێت. بۆیە لەو کاتانەدا قەبارەی دەنکە گەنمەکان گەورە دەبێت. لە بەشێکی ئەو شوێنانەدا لە یەک دۆنم زەوی یەک تۆن گەنم بەرهەمهێندراوە، هەندێ جار لە یەک دۆنم زەوی 2 تۆن گەنم بەرهەم هێنراوە". 
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە گوتی، "ئێمە وەک کۆگای وەزارەتی کشتوکاڵین و هەر گەنمیک ئەوان بۆمان بنێرن، ئێمە وەریدەگرین. پار لە 16ی تەمموز وەرگرتنی گەنممان وەستاند، بەڵام ئەم ساڵ لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا 100 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان ماوە، هێشتا گەنم وەردەگرین. رۆژانە 20 هەزار گەنم وەردەگرین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".