هاکان فیدان: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ سلێمانیدا هەبێت

16-05-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، ئەگەر سلێمانی مامەڵە لەگەڵ ئەو "ڤایرۆسە" [پەکەکە] بکات، ئەوان لە "نەشتەرگەرییەکانیان" بەردەوام دەبن، هەرچەندە جەختیکردەوە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سلێمانی هەبێت.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15ـی ئاداری 2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "پەکەکە هیچ شوێنێکی لە سنوورەکانی تورکیا کۆنترۆڵ نەکردووە، بەڵام لە عێراق و سووریا چەندین شوێنیان داگیر کردووە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆکاری ئەو باڵادەستبوونەی پەکەکە لە دەرەوەدا بۆ ململانێ ناوخۆییەکان و کێشە ناوچەییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت. "لەم دواییانەدا پێشکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بواری هاوبەشی هەواڵگری و بە شێوەیەکی کردەیی بەدیهاتووە. ئێمە شەڕمان لە سنوورەکانی خۆمانەوە پاڵ ناوە". 
 
هاکان فیدان سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "سەرەتا دەمانەوێت تێگەیشتنی تیرۆر لە نێوان ئێمە و هەولێر و بەغدا پێشبکەوێ. دەزانن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی[ـی عێراق]، پەکەکەیان وەک رێکخراوێکی قەدەخەکراو راگەیاند. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە. گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئایا هەنگاوێک دژی رێکخراوەکە دەنێت، هەواڵگریی هاوبەش دەکات، ئۆپەراسیۆن دەکات، رێکخراوەکە لە هەندێک دەرفەت بلۆک دەکات یان نا؟"
 
"عێراق دابەش بووە بەسەر بەغدا و هەولێر و سلێمانیدا" ئەمە پێناسەی وەزیری درەوەی تورکیایە لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و دەڵێ، لەگەڵ هەموو لایەک کۆبوونەوە و دیالۆگ و دانوستاندنیان هەیە.
 
سەبارەت بە سلێمانی، هاکان فیدان رایگەیاند: "ئێمە بە ئاشکرا لەگەڵ سلێمانی قسە دەکەین. کۆبوونەوە هەیە و بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکرێ، چونکە وەک پێشووتر گوتم سلێمانی شارێکی دێرینە. سلێمانی، موسڵ، کەرکووک، هەولێر و زاخۆ، بە واتایەکی دیکە ئەم شوێنانە لە سەردەمی عوسمانییەوە بەردەوام جوگرافیا و کولتووری ئێمە بوون. ئێمە بەشێکین لەوان، ئەوان بەشێکن لە ئێمە. سلێمانی چەندین بیرۆکرات و کەسانی ئایینی و زانای هێنایە ناو دەوڵەتی عوسمانی. بەڕاستی شوێنێکی نایاب و ناوازەیە. بەداخەوە شتێکی بە ئازارە کە بووەتە شوێنێکی وا کە ڤایرۆسێکی وەک پەکەکە کاریگەری لەسەر دروست دەکات و کۆنتڕۆڵی دەکات."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەر لەبارەی سلێمانی گوتی: "ئێمە لە کۆبوونەوەکانماندا روونین. ئێمە فێڵ لە کەس ناکەین. ئێمە دەڵێین، ئەم پیاوانە خراپن. پێویستیتان بە هاوکاری ئەوان نییە. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان باش بن، نامانەوێت پەیوەندیمان خراپ بێت. پشتگیریان مەکەن. ئێمە شەڕیان لەگەڵ دەکەین، ئەوە کێشە نییە، بەڵام پەیوەندییەکانتان سنووردار بکەن. مەهێڵن بێنە شارەکانتان. با فڕۆکەخانەکەتان بەکارنەهێنن. رێگە نەدەن سوود لە نەخۆشخانەکانتان وەربگرن. ئەگەر نا! ئەوا ئۆپەراسیۆنە نەشتەرگەرییەکانمان بەردەوام دەبێت. ئێمە لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری کار دەکەین. زیان بە هاوڵاتییانی مەدەنی ناگەیێنین. ئەمە توانای ئێمەیە و بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوە بکەین. کاتێک ئێوە لەگەڵ پەکەکە هەڵبسووڕێن و ئێمەش بیبینین، دەبێت شتێک لە دژی ئێوە بکەین. ئێمە ناتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە یارمەتیان دەدەن وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت. من ئێستا بڕوام وایە لەوە تێگەیشتوون، رێوشوێنەکانمان بەردەوامن. بەڵام ئینشاڵا ئەوان تێبگەن."
 
ئەو وەزیرەی تورکیا لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەی لە باسی شنگالدا جەختیکردەوە: "لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان ئێمە و عێراقدا هەیە. سنوور پتەوتر کراوە، گرنگترین هەنگاو کە دەبێت لە ناوچەکەدا بنرێت؛ پاککردنەوەی شنگالە لە پەکەکە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.