رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی تورکیا کۆمەڵگەی خانسۆریان لە سنووری شنگال بۆردوومانکرد. بەپێی زانیارییەکانی رووداو کوژراو و بریندار هەن.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک گوتی بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، فڕۆکەی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک لە کۆمەڵگەی خانسۆر و کوژراو و بریندار هەن.
کۆمەڵگەی خانسۆر سەر بە ناحیەی سنوونێیە، کە دەکەوێتە سنووری شنگال لە نەینەوا. سنوونێ دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شنگال و نزیکە لە سنووری رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ بەوەکالەت لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "پێش نزیکەی کاژێرێک، تورکیا بۆردوومانێکی بەهێزی کرد، شاهێدحاڵەکان گوتیان بە چاوی خۆمان بینیومانە کە لە نزیک بنکەی پۆلیسی داوە. ماڵێکی چۆڵ بۆردوومان کراوە و هەتا ئێستا هیچ کەسێکیش بە برینداری نەگەیەنراوەتە نەخۆشخانە لە سنوونێ".
بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ناحیەکە جەختیشی کردەوە "ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، ماڵێکی چۆڵکراوە و لەنزیک بنکەی پۆلیسی خانسۆرە و بنکەی پۆلیسی عێراقی لێیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ