رووداو - هەڵەبجە
سێ گەنج بۆ بردنەوەی گژوگیای بەهاری چووبوونە سەر چیای کێڵی باقی لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووی کوردستان لە ناوچەی هەورامان، لەکاتی دەستکاریکردندا گولـلە هاوەنێک پێیاندا تەقیوەتەوە و دووانیان گیانیان لەدەستداوە.
یەکێک لەو سێ گەنجە ئاسۆ کەیکاوسی تەمەن 31 ساڵ بووە، کە پێشمەرگە بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەسداوە، تاقانەی دوو خوشکە و پێنج مانگ بوو ژیانی هاوژینیی پێکهێنابوو.
عوسمان عەلی، پورزای ئاسۆ گوتی، "ئەم کوڕانە بە مەبەستی رێواس هێنان چوون بۆ ئەو شاخە، بەڵام لەوێ کە ئەم رووداوە روویداوە بەراستی بۆ ئێمە کارەساتە، چونکە تاقانەی دوو خوشکە و تازە ژیانی هاوژینیشی پێکهێناوە."
یەکێکی دیکە لەو گەنجانەی پاش گەیاندنی ب ەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، گەشتیار شەریفی تەمەن 23 ساڵە، کە کرێکار بوو.
ئەرکان عەبدولعەزیز، مامی گەشتیار دەڵێت، "کاژێر 03:10 خولەکی عەسر بوو ئاگاداریان کردین کە تەقینەوەیەک بووە لە پشتی ئاوێسەر، دەمانزانی براکەی ئێمەش چووە بۆ ئەو ناوچەیە، بۆیە دوو برام خێرا چوونە ئەوێ و زانییان کە ئەو رووداوە روویداوە."
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە رووداوی گوت، "گولـلە هاوەنەکە پاشماوەی جەنگی نێوان ئێران - عێراقە و شوێنەکەش دوورەدەستە و نەزاندراوە مەترسیدارە."
تەرمی هەردوو گەنجەکە لەپاڵ یەکدیدا لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێردران. گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجەش بە رووداوی راگەیاند، دوان لە گەنجەکان نزیکبوون لە گولـلە هاوەنەکەوە، بۆیە گیانیان لەدەستداوە، ئەوی دیکە چەند مەترێک لێیانەوە دوور بووە، بۆیە سەلامەت بوو.
جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق - ئێران 35 ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت، بەڵام پاشماوە جەنگییەکانی ئەو شەڕە هێشتا دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییان، ئەمەش جگە لەو 255 کیلۆمەتر دووجا زەوییەی کە هێشتا لە مین پاکنەکراونەتەوە و مەترسین بۆ ژیانی هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک تەنیا لە ساڵی 2022دا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 24ی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ