رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئامەد و هەولێر دەستپێدەکەنەوە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 16ـی شوباتی 2024، سەردانی شاری ئامەدی کرد و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لە زانکۆی دیجلە بەشداری لە "کۆنگرەی دیزاینی ئایندەی دیاربەکر"ـدا کرد.
جەودەت یڵماز گوتی، ئامەد بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن و پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە.
یڵماز باسی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان پارێزگای ئامەد و هەولێری کرد و رایگەیاند: "ئەم بەیانییە لەگەڵ پەرلەمانتارانمان و پارێزگار کاتێک لەبارەی دیاربەکر قسەمان دەکرد گوتیان لەگەڵ ئەربیل گەشتی ئاسمانی نییە، ئەم بەیانییە پەیوەندیم بە وەزیری گواستنەوەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا کە لێرە بووم تەلەفۆنی بۆ کردم، بە پشتیوانی خودا دەستدەکەین بە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئەربیل. گەشتەکانی دیاربەکر-ئەربیل".
لە 10-4-2016 لە رێوڕەسمێکدا گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و ئامەد دەستیپێکرد، هەفتانە سێ گەشت دەکران، بەڵام دوای ئەوەی تورکیا لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 گەشتی ئاسمانیی بەڕووی باشووری کوردستان قەدەخەکرد، گەشتی هەولێر و ئامەدیش تێکچوو، گەشتە ئاسمانییەکان لە 27-3-2018 دەستیانپێکردەوە، بەڵام ئەوکات گەشتەکانی نێوان ئامەد و هەولێر دەستیانپێنەکردەوە.
رۆژی 21ی ئاداری 2019 گەشتەکان دەستیانپێکردەوە و هەفتانە سێ گەشتی راستەوخۆ دەکران، بەڵام ساڵی 2020 دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا جارێکی دیکە گەشتەکانی راگیران و تائێستا دەستیانپێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ