خەڵکی گوندەکەی: پێشڕەو دزەیی قوتابخانە، نەخۆشخانە و بیری ئاوی بۆ دابین دەکردین

16-01-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
گۆڕی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەی بە ئاڵای کوردستان پێچراوە.
گۆڕی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەی بە ئاڵای کوردستان پێچراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تەرمی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی و ژینەی کچی لە گۆڕستانی گوندی باقرتەی سەر بە ناحیەی شەمامک لەنێوان ئاپۆڕای خەڵک بەخاکسپێردرا. کەسوکاری پێشڕەو دزەیی دەڵێن، "ئەو تەنیا ناوی پێشڕەو نەبوو، بەڵکو بۆ شار و وڵاتەکەی پێشڕەو بوو".
 
تەرمی خەڵتانی خوێنی باوک و کچە یەک ساڵانەکەی بە ئاڵای کوردستان و ئاپۆڕای خزم و دۆستان گەڕێندرانەوە زێدی باب و باپیریان.
سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی، بازرگانە خێرخوازە ناوڕۆیشتووەکەی باقرتە و دەشتی هەولێر ئامادەبوو.
 
د. عەبدوڵڵا دزەیی، برای پێشڕەو دەڵێت، "راستە کاک پێشڕەو و ژینە خانی کچی شەهید کران و ئەوانی دیکەش هەموویان جێگایان بەهەشتە، بەڵام کاک پێشڕەو تەنیا ناوی پێشڕەو نەبوو، بەڵکو لە بونیادنانەوەی وڵاتەکەشی پێشڕەو بوو".
 
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی تەمەنی 58 ساڵ بوو، لەگەڵ ئەوەی کاری بارزگانی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان. ناردنی خۆراک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە بەشێک بوون لە کارە خێرخوازییەکانی.
 
جگە لە ناوبانگی تایبەتیی لە بواری بازرگانی، دەستکراوەیی بۆ هەژاران و دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە پێشڕەو دزەیی کردبووە سیمایەکی خۆشەویست و کۆمەڵایەتی.
 
رێوان سابیر، ئامۆزای پێشڕەو بە رووداوی گوت، "بێگومان لێرە نەخۆشخانەیەکیشی بۆ گوندەکە دروست کردووە و هەروەها هاوکاری زۆری خەڵکی گوندەکەی کردووە و دوو بیری ئاوی بۆ دابین کردوون".
 
دیار محەممەد، دانیشتووی گوندی سێبیران باس لەوە دەکات، "لە پلانیدا بوو ئەم ساڵ گوندەکەمان بۆ قیربکات و هەموو ساڵێکیش نەوت و کەلوپەلێکی زۆری بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد".
 
تەرمی پێشڕەو و ژینەی کچی لە گوندی باقرتەی شارۆچکەی شەمامک و لە تەنیشت گۆڕی مەجید ئاغای باوکی بەخاکسپێردرا.
 
سەلام جێژنی، خەڵکی گوندی باقرتە دەڵێت، "بابی و خۆی پیاوێکی خۆیی چاک بوون، بۆ هەموو کەس لە پێش بوون، بابی لە پرسەی هەموو کەس بەشداری دەکرد و فەرقی نەدەکرد ئاغا بێت یان خەڵکی ئاسایی".
 
فارووق رەفیق، خەڵکی گوندی سێبیران ئاماژەی بەوە کرد، "ئینسانی باش بوو کاری خێری دەکرد بەتایبەت لەم گوندانەی ئێمە خزمەتگوزاری باشیان کرد".
 
پێشڕەو دزەیی دوو هاوژین و چوار منداڵی هەبوو. لە هێرشەکەی ئێراندا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی خێزانییان، کوڕە گەورەکەی و هاوژینێکی بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.