سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشکردنە سەر هەولێر: ناکرێ چیدیکە لەبەرانبەر ئەو ستەمە بێدەنگ بین

16-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن." 
 
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) لە پەیامەکەیدا دەڵێ "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران."
 
ئەو خێزانەی سەرۆک بارزانی باسی دەکات، خێزانی پێشڕەو دزەییە، کە لەو 10 مووشەکەی شەوی رابردوو ئاراستەی هەولێر کران، نیوەیان بە ماڵەکەی ئەو کەوتن، لەکاتێکدا ئاهەنگی خێزانیان هەبوو بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووە بە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.
 
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوە "هەموو لایەک ئاگادارن، لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیان جار شاری هەولێر کەوتووەتە ژێر هێرشی ناڕەوای مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان."
 
سوپای پاسداران، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ. شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، دووانیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بوون و تێیدا زانیاریی ناکۆکی بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا رایگەیاند "بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە دژبەرە ئێرانییەکان" کراونەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆتاییدا کە ماوەیەکی کەم دواتر و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ  بڵاویکردەوە، دەڵێ "بنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنی (موساد)" [ئیسرائیل] کراونەتە ئامانج."  
 
سەرۆک بارزانی نووسیویەتی "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لە پشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن."
 
هەروەها دەڵێ "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران."

 

لە سۆشیاڵ میدیای رووداوەوە:

 
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رووی قسەکانی ئاراستەی گەلانی ئێران دەکات و دەڵێ "هەمیشە رێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردوون. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانووانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەیانهێننەوە، هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و دوورە لە راستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران رێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بە چاوی خۆتان لە هەولێر راستییەکان ببین و بزانن، تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان."
 
لە هێرشەکەدا، جگە لە کوژرانی چوار کەسەکە، 16 کەسی دیکە کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن، بریندار بوون.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێ "ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری مووشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نییە. دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن. گەلی کوردستان پشتی بە خوا و رەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە