شەوی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ پاساو ئیسرائیل و قوربانی سڤیل

16-01-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرزشدۆستان لە باشووری کوردستان چاوەڕێی دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی تۆپی پێ بوون لە جیهاندا بۆ خەڵاتی زە بێست، لەناکاو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان رایچڵەکاندن، دەنگی ئەو مووشەکانەی، باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێریان کردبووە ئامانج، هێندە بەهێز بوو، دەرگە و پەنجەرەی زۆربەی ماڵەکانی ئەو ناوچانەی لەراندەوە.

10 مووشەک و هەشت ئامانج
 
مووشەکەکان بە دووری سەتان کیلۆمەتر بەسەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕین و لە هەولێر بە زەویدا کەوتن، هەر زوو پاسدارانی ئێران هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان 10 مووشەک، هەشت شوێنیان کردووەتە ئامانج. وەکو ئێران دەڵێت، پاساوەکەش بنکەی ئیسرائیل و هێرشی دژبەرەکانی ئێرانە، پاساوێک، کە بەردەوام لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەتکراوەتەوە.
 
ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج
 
لە هێرشەکەدا وەکو لە سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیارییە بەدەستهاتووەکان دەستخراون، هەشت شوێن لە هەولێر و دەوروبەری ئامانج بوون، لەوانە "کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، دەزگا ئەمنییەکان، ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی، بنکەی ئاسمانیی هەریر و هەورازە نەفتە و چەند شوێنێکی دیکەش.
 
هێرشەکان وەکو دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هیچ دامەزراوەیەکی ئەوانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان لە هەولێر، یەکێک لە سیستەمەکانی دژەمووشەکی ئەمریکییەکان هەوڵی خستەخوارەوەی مووشەک دەدات. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، کاژێر 11:25 خولەکی شەوی دووشەممە یەکەم مووشەک تەقییەوە، هێرشەکان یەک ئامانجی دیاریکراویان نەبوو، لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە تاوەکو باکووری هەولێر لە چەند شوێنێک کەوتنە خوارەوە. مووشەکەکان لە دەوروبەری رێگەی پیرمام و ناوچەی خانزاد نزیک گوندی بڕا کەوتوونەتە خوارەوە و، لەسەر رێگەی پیرمامیش لەنێو باخەکان دەنگی کەوتنەخوارەوەی مووشەک بیستراوە.
 
بەگوێرەی ئەو نامانەی ئەو شەوە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاکانەوە بۆ رووداو هاتن، لە بنەسڵاوە، کەسنەزان تاوەکو رێگەی پیرمام دەنگی تەقینەوەی مووشەک بیستراوە و، بەدیاریکراوی لە گوندی پیرەڕەشی سەر بە ناحیەی کەسنەزان لە رۆژهەڵاتی هەولێر.
 
هەروەها دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند "لەسەر رێگەی پیرمام نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا باخێک بە مووشەک کراوەتە ئامانج و پێدەچێت باخەکە کەسی لێ نەبووبێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە ئامادەن. مووشەکەکە خانوویەکی لەنێو باخەکەدا کردووەتە ئامانج و ئاگری گرتووە.
 
چەند مووشەک ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی کراون؟
 
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە گوندی مەلا ئۆمەر لەسەر رێگەی هەولێر شەقڵاوە، گوتی "لە مەلا ئۆمەر، ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری هەولێر، بە زیاتر لە چوار مووشەک کراوەتە ئامانج."
 
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
 
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ماڵی پێشڕەو دزەیی، بەردەوام قەرەباڵخ بووە و پاسەوان و کارمەندی دیکەی لێ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمشەو خاوەن ماڵەکە لەنێو باخەکەدا بووە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی زۆر لەوێ بووبن.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ ئێوارە ماڵی پێشڕەو دزەیی بەهۆی گەڕانەوەی کوڕ و کچەکانی کە لە ئەمریکا دەخوێنن، کۆبوونەوەیەکی خێزانییان هەبووە و کاژێر 11:22 خولەکی شەو ماڵەکەیان کرایە ئامانج. هەندێک لە شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ رووداو کرد، دەڵێن هەندێک درۆنیش ئاراستەی ماڵەکە کراون، بەسەریەکەوە نزیکەی 11 درۆن و مووشەک بوون.
 
 
بەپێی دیمەنەکانی دوای بۆردوومانەکە، خانووەکە بەتەواوەتی رووخاوە و زیان بە کۆمەڵێک خانووی دەوروبەری ماڵی پێشڕەو دزەیی گەیشتووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو نزیکەی 17 کەس لەو رووداوەدا بریندار بوون.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، لەبەردەم نەخۆشخانەکانی هەولێر بوو، رایگەیاند، تەرمی پێشڕەو دزەیی، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێرەوە رەوانەی دادپزیشکی کرا، بەڵام ژمارەیەکی زۆر ئەمبیوڵانس بە بەردەوامی لە شوێنی رووداوەکەوە بریندار دەگوازنەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، ئەوانەش کە سووتانیان هەبووە، رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمێرجێنسی کراون، واتا تەنیا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات هەشت بریندار و دوو کوژراو هەبوون، کە یەکێکیان پێشڕەو دزەیی بووە.
 
دوای چوار کاژێر لە بۆردوومانکردنی ماڵەکەی، تەرمی منداڵێکی پێشڕەو دزەیی دۆزرایەوە
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تەرمی ژینە، کچە بچوکەی پێشڕەو دزەیی، کە 25ـی ئەم مانگە تەمەنی دەبووە یەک ساڵ، لە ژێر دار و پەردووی خانووە رووخاوەکەی پێشڕەو دزەییدا دۆزرایەوە.
 
 
رووداو ناسنامەی کوژراوێکی دیکەشی پشتڕاستکردووەتەوە، کە کریستیانێکی عێراقە بە ناوی کەرەم، ئەویش بازرگانە و ئەو شەوە لەگەڵ پێشڕەو دزەیی بووە.
 
ژمارەیەک لە پزیشکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات بۆ رووداو قسەیان کرد و رایانگەیاند، زۆربەی بریندارەکان تەندروستیان جێگیرە و ژمارەیەکیشیان بەهۆی سووکیی برینەکانیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
 
بەڵام بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی هەولێر بە رووداوی گوت؛ سێ لە بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کردوون، کە هاوژین و دوو کوڕی پێشڕەو دزەیین و بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییان، گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا.

 

 
مەشعان جبووری: پێشڕەو پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نەبوو
 
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و ئەندامانی پێنج خولی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەولێر، شوێنی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج.
 
لەبارەی پێشڕەو دزەیی، جبووری لە پۆستێکدا لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی "لەبەردەم خوا و خەڵک شاهێدی دەدەم؛ کۆچکردوو، سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی کە 20 ساڵ دەبێت دەیناسم، پەیوەندیی بە سیاسەت و مۆسادەوە نییە و، تەنیا لە بواری گەشەپێدانی خانووبەرە کاردەکات."
 
هەروەها دەشڵێت "ئەگەر خانووەکەم تەواوکرابا و تێیدا بوومایە، منیش یەکێک دەبووم لە قوربانییانی ئەو مووشەکانەی کە ئێران دەڵێت بارەگاکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج."
 
بنکەی مۆساد.. پاساوە حازربەدەستەکەی ئێران
 
شەوی سێشەممە، 16-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند هێرشەکە بە کۆمەڵێک مووشەکی دوورهاوێژ بووە و ژمارەیەک بنکەکانی سیخوڕیی رژێمی زایۆنی (مۆساد)ـی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج و لەنێوی بردن، بەڵام ئەو کچەی پێشڕەو دزەیی کە گیانی لەدەستداوە، ناوی ژینەیە، 10 رۆژی دیکە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و لە 25ـی کانوونی دووەم تەمەنی دەبووە یەک ساڵ.
 

تەرمی کچەکەی پێشڕەو دزەیی

 
ئەو تۆمەتەی ئێران، بەردەوام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکراوەتەوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی عێراق لە هێرشەکەی رۆژی 13ـی ئاداری 2022ـش کە ئێران بە پاساوی بوونی بنکەی ئیسرائیلی کردییە سەر ماڵی سەرمایەدار شێخ باز بەرزنجی، دەریخست پاساوەکان ناتەواو و ناڕاستن، هیچ بەڵگەیەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ بوونی هیچ ئیسرائیلییەک جگە لە قسەکردن، نەسەلمێندرا.
 
ئەو مووشەکەی هەولێری پێ بۆردوومانکرا
 
فاتیح 110 یەکێکە لەو مووشەکانەی گوماندەکرێت هێرشەکانی پێکرابێت، هەمان جۆرە مووشەکە کە لە 13-3-2022 ماڵی شێخ باز بەرزنجی، پێ بۆردوومانکرا.
 
مووشەکی فاتیح 110، یەکێک لە دیارترین ئەو مووشەکانەیە کە ئێران بەرهەمیدەهێنێت، مووشەکی دوورهاوێژ و توانای بڕینی 300 کیلۆمەتری هەیە.
 
مووشەکەکە درێژییەکەی 8 مەتر و 86 سانتیمەترە، تیرەکەی دەگاتە 0.61 مەتر، کێشەکەی 3 تۆن و 450 کیلۆ دەبێت، کڵاوەیەکی هەیە دەتوانێک تاوەکو 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت، توانای کردنە ئامانجیشی بەرزە.
 
هێزەکەی ئەژی ئەمین کرایە ئامانج
 
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرابووە ئامانج، بارەگایەکی هێزەکانی دەزگای پاراستن و زانیاری /زانیاری بوو، هەروەها دەگوترێت مووشەک ئاراستەی ماڵی ئەژی ئەمینیش کرابوو.
 
موقەدەم عەبدوڵڵا حەمەڕەشید، فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە دەزگاکە لە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداوی گوت "چەند مووشەک و چەند درۆنێک هاتن، بەڵام لە رێگەی سیستمی دژەمووشەک، دوو مووشەکی بالیستیمان خستنە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێبکەوێتەوە."
 
لەبارەی زیانەکانی ئەو هێزە، عەبدوڵڵا حەمەرەشید، گوتی "تەواوی هێزەکە سەلامەتە، هیچ بریندارێکمان نییە، مامۆستا ئەژی ساخ و سەلامەتە، ئەو هەواڵەی لەبارەی شەهیدبوونییەوە بڵاوکراوەتەوە، دوورن لە راستییەوە، کەمێک لەمەوبەر لێرە بوو، بۆ کارێک دەرچوو."
 
حکومەتی عێراق، شەو و رۆژی هێرشەکە بێدەنگە
 
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەواڵە لە کاژێر 7ـی بەرەبەیانی و دوای زیاتر لە حەوت کاژێر و نیو لە رووداوەکە، هیچ بەرپرسێکی باڵای عێراقی لە هیچ پێگەیەکی سۆشیاڵ میدیا، راگەیێندراو و میدیادا بەلای هێرشەکەدا نەڕۆیشتن و بە یەک وشەش باسی ئەو پێشێلکردنەی سەروەرەیی خاکەکیان نەکردووە، ئەوە جگە لەوەی بەرپرسانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش بۆ ئەو بابەتە بێدەنگ بوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەرپرسانی عێراق لەو هێرشەی ئێران ئاگادار نەبوون، بەڵام پێناچێت هەڵوێستیان لەسەر ئەو پێشێلکارییە هەبێت.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بەرەبەیانی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد "هەڵوێستی تووندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، هەبێت."
 
سەرۆکی حکومەت داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت، بێنە دەنگ. راشیگەیاند "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان."
 
گومانلێکراوێک دەستگیرکرا
 
دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، گومان دەکرێت کەسانێک لەنێو هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکارییان بۆ هێرشەکە کردبێت، چ لەڕێگەی زانیاریپێدان یان پێدانی شوێنی پێگەکان.
 
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە گۆڕستانی گوندی شەوک لە نزیک مەلا ئۆمەر، کە نزیکە لە خانووەکەی پێشڕە دزەیی دانیشتووانی گوندەکە کەسێکیان دەستگیرکردووە، کاتێک قسەیان لەگەڵ کردووە، بەم 11:30 خولەکی شەوە چیی دەکات، ئەو کەسە کە بە کوردی قسەی کردووە، باسی لەوەکردووە بۆ کار دەگەڕێت، خەڵکەکەش گوتوویانە 'کار و بەم شەوە!' بۆیە رادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو کەسە ناسنامەیەکی ئێرانی پێ بووە.
 
هەڵوێستی ئەمریکا
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەولێر رایگەیاند، ئەوان پابەند دەبن بە پاراستنی بنکە و کارمەندانیان لە عێراق، بەتووندیش سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری کرد.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە هیچ زیانێک بە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، هەروەها باڵەخانە نوێیەکەیان لە هەولێر نەکەوتووە و هیچ لە کارمەندانیشیان زیانیان پێنەگەیشتووە. 
 
دواتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاند بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و، "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین، دژی هێرشە مووشەکییە بێباکەکانی ئێرانین، کە زیان بە سەقامگیریی عێراق دەگەیەنێت." 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت "پشتگیریی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی گەلی عێراق."
 
هێرشەکانی سەر هەولێر بەردەوام دەبن
 
د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن، لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمە، جاری دووەمە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی هەولێر دەکاتە ئامانج، پێموایە ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن.".
 
هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. مامۆستاکەی کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن رایگەیاند، "نابێت هەموو رۆژێک کەس و سەرمایەدارێک بکرێتە ئامانج و شەهید بکرێت، پێشڕەوی دزەیی کەسێکی دوور لە سیاسەت بووە، ئەگەر ئێران لە بنکەکانی مۆساد دەگەڕێت، با لە تاران، مەشهەد و ناوچەکانی دیکە بگەڕێت."
 
د. محەممەد ئیحسان، جەخت لەوە دەکاتەوە؛ هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام پێیوایە "ئەمجارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی تووند و جدی دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."