وەزارەتی ئەوقاف: ئەوانەی 2022 نەیانتوانی حەج بکەن، ئەمساڵ بیکەن

16-01-2023
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022 ناویان بۆ حەجکردن دەرچووبوو، بەڵام نەیانتوانیبوو گەشت بکەن، ئەمساڵ دەتوانن گەشتەکەیان بکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-01-2023 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییانەی کە پار ناویان بۆ حەجکردن گەڕابووەوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و نەخۆشی یان هەر هۆیەکی دیکە نەیانتوانیبوو گەشت بکەن، ئەمساڵ دەتوانن گەشت بکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو کەسانەی دەیانەوێت گەشتەکە بکەن، با لە رێککەوتی 17-01-2023 تاوەکو 04-02-2023 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی حەجی پارێزگاکەی خۆیان بکەن و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان ببەن بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان."
 
ماوەی دوو ساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگە بە حاجییانی کوردستان نەدرا حەج بکەن. بەگوێرەی مەرج و رێنوێنیی حکومەتی سعودیە بڕیاری دابوو بۆ ساڵی 2022 پێشوازی لە ملیۆنێک کەس لە ناوخۆ و دەرەوە بکات، لە کاتێکدا ساڵی 2019 پێشوازی لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کرد؛ هەروەها ئەو کەسانەی سەردانی وڵاتەکە دەکەن بۆ ئەمساڵ دەبێت تەمەنیان لە 65 ساڵ کەمتر بێت.
 
رۆژی سێشەممە 10-01-2023 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێوشوێنەکانی وەرزی ئەمساڵی حەجکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاردرا حەجکردن بۆ وەرزی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگەڕێتەوە و سەرجەم مەرجەکان هەڵگیران، لەوانەش تەمەن و پشکنین و رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەوانەی دەچوون بۆ حەجکردن و هی دیکەش."
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، "پشکی هەرێمی کوردستان پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020، ساڵانە نزیکەی پێنج هەزار کەس بوو، بەڵام دوای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە کرا بە نزیکەی دوو هەزار کەس و 200 کەس، واتە رێژەکە بۆ 42% کەم بووەوە، ئێستا دوای ئەو بڕیارەی سعودیە، هەرێمی کوردستان پشکی پێشووی خۆی وەردەگرێتەوە و زیادیش دەکرێت."
 
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد، "دوای گەڕانەوەی شاندی عێراق، شاندێکی ئێمە سەردانی بەغدا دەکات و رێککارەکان و پشکی هەرێمی کوردستانیش دیاری دەکرێت."
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دیاریکردنی ئەوانەی دەتوانن ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ حەجکردن سەردانی سعودیە بکەن، رایگەیاند، "ئێمە پێشتر بە تیروپشک ناوی نزیکەی 2500 کەسمان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2023 دیاریکرد، ئەوەی ماوە کە نزیکەی ئەو ژمارەیە، بە تیروپشکێکی دیکە دیاریدەکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە