کوردستان
ئازاد محەممەد، جووتیارە نموونەییەکە و ئۆلیڤەر دیکۆکتینیس، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بەیەکەوە نانی بەیانییان خوارد
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی جووتیارە نموونەییەکە دەکات و ژەمی بەیانی لە کێڵگەی ئەودا دەخوات. جووتیارە نموونەییەکە دەڵێت: "پێشتر سەردانی فەرەنسام کردبوو، هاتبوو بۆ ئەوەی ئەنجامی سەردانەکەم لە نزیکەوە ببینێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-12-2022، ئازاد محەممەد، ناسراو بە جووتیارە نموونەییەکەی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئۆلیڤەر دیکۆکتینیس، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەکەی کرد و "نانی بەیانیمان بەیەکەوە خوارد". گوتیشی، "پێشتر چووبوومە فەرەنسا و زانیاریم بە جووتیارانی ئەوێ دابوو، هەروەها چەندین بنەتۆ و رووەکی فەرەنسیم هێنابووەوە بۆ کوردستان و هاتبوو بۆ ئەوەی بەرهەم و ئەنجامەکەی ببینێت".
ئۆلیڤەر دیکۆکتینیس، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە تویتەر وێنەیەکی خۆی و ئازاد محەممەدی داناوە کە نان دەخۆن و نووسیویەتی، "نانی بەیانی لە دەشتی شارەزوور لە کێڵگەی کاک ئازاد، جووتیاری نموونەیی کوردستان، لەگەڵیان تاوتوێی پرۆژەی گۆڕینەوەی ئەزموونی کشتوکاڵی ئەومان لەگەڵ جووتیارانی فەرەنسادا کرد".
ئازاد محەممەد دەڵێت: "لە دانیشتنەکەماندا باسی بیرۆکەکانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیمان کرد و داوایکرد هاوکاریی جووتیارانی فەرەنسا بکەم و سەردانی کۆنسوڵخانەی فەرەنساش بکەم".
لەبارەی خواردنەکەشیانەوە گوتی: "هەناری هەڵەبجە، تەماتەی کوردی و کنگر بە ماسی-مان خوارد، زۆر سەرسامبوو بە میوە و خواردنی کوردی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ