رووداو دیجیتاڵ
پاسێكی نەفەرهەڵگر لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان وەرگەڕا و لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 40ی کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2023 لەسەر رێگەی سەرەکیی پنارباشی - گورون روویدا.
پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو شاری وانی باکووری کوردستان دەڕۆیشت، بە هۆکارێكی نادیار وەرگەڕا. بەگوێرەی زانیارییەکان، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 40ی دیکەش بریندار بوون.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و جەندرمە، جامەکانی پاسەکە شكێندران بۆ هێنانەدەرەوەی سەرنشینەکان و بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچکەی گورون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای کانوونی دووەم تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیا 411 هەزار و 675 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە؛ لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 ـی دیکەش بریندار بوون.
ساڵی 2022ـش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485048 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا 2282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291151 کەسی دیکەش بریندارببوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ