رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، پێنج ناوچەی دیکە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، پێنج ناوچەی سەر بە شارۆچکەی باسان بۆ ماوەی 15 رۆژ وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخەیە.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئەیلوولی 2023ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 29ـی ئەیلوولی 2023 بەردەوام دەبێت.
پارێزگای شرنەخ رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023 ـیش، 14 ناوچەی سەر بە ناوەندی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی سلۆپی، جزیر، قلەبان، باسان و بێشەباب وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناساند و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتووچۆی بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کردبوو.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە؛ ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
پارێزگای شرنەخ هۆشداری داوەتە خەڵکی کە لە پێناو سەلامەتیی خۆیان نەچنە ناوچە قەدەخەکراوەکان، ئاماژەی بەوەشداوە ناوچە قەدەخەکراوەکان لە ماڵپەڕی فەرمیی پارێزگای شرنەخ بڵاوکراونەتەوە.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ