رووداو دیجیتاڵ
رووخاندنی خانوو و باڵەخانەکانی ئامەد کە بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی 2023 زیانی گەورەی پێ گەیاندبوون، بەردەوامە، بەو هۆیەوە تەپوتۆز تەنگی بە هاونیشتمانییان هەڵچنیوە.
ئەو خانوو و باڵەخانانە بە بڕیاری وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا دەڕووخێندرێن. زۆربەی باڵەخانەکانیش یەکەی نیشتەجێبوونن و لەنێو گەڕەکەکاندان؛ بۆیە ناچارن بە ئامێرەکانی کار، نهۆم دوای نهۆم بیانڕووخێنن، بەپێچەوانەی شارەکانی دیکە، کە بە تەقینەوە دەڕوخێندرێن.
رووخاندنی خانوو و باڵەخانە زیانبەرکەوتووەکانی گەڕەکی شێخ کامیل لە شارۆچکەی باغڵار لە ئامەدی باکووری کوردستان، بەهۆی کۆڵانە تەنگ و تەسکەکانییەوە زۆر بە هێواشی بەڕێوەدەچێت. لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشەوە کەمئاوی بەرۆکی ئامەدی گرتووە، ئەوەش کێشەی بۆ رووخاندنی خانوو و باڵەخانەکان دروستکردووە.
بەگوێرەی ستانداردی کارەکان، دەبێت لە کاتی رووخاندنی خانوو و باڵەخانەکاندا ئاوڕشێن بکرێت، بەڵام پڕۆسەکە لە ئامەد بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە ئاستەنگێکی گەورەی بۆ دروستبووە، بۆیە دروستبوونی تەپوتۆز لە کاتی کارکردندا تەنگی بە هاونیشتمانیانی ئەو گەڕەکە هەڵچنیوە.
لە کاتی رووخاندنی باڵەخانەکاندا، تەپوتۆزەکان لە بازنەیەکی 300 مەتریدا بڵاودەبێتەوە بۆیە بەشێک لە هاونیشتمانییان، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان بە نایلۆن داپۆشیوە لەپێناو خۆپاراستن.
لە دوو بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتدا کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، لە ئامەدی باکووری کوردستان 39 هەزار و 44 باڵەخانە و خانوو زیانیان بەرکەوت؛ 175 باڵەخانە کە لە 653 شوقە پێکهاتبوون، رووخاون و بڕیاری رووخاندنی 967 باڵەخانە و خانووی دیکە دراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی بوولەرزەکان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ