چیرۆکی گەنجانی کارامە لە هەولێر خرایەڕوو

15-07-2023
نیشانەکردن گەنج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کارامەیی گەنجان، گرووپی زۆنی کوردستان بە ئامادەبوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، لە هەولێر چالاکییەکی رێکخست و تێیدا چیرۆکی ئەو گەنجانە خرایەڕوو کە توانیویانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
 
رۆژی 15ـی تەممووزی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو رۆژی جیهانیی کارامەیی گەنجان دیاریکراوە، بەو ئامانجەی پلانی ستراتیژی دابنرێن بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان و دروستبوونی توێژی گەنجی کارامە لە کۆمەڵگەکاندا، لە هەرێمی کوردستانیش گرووپی زۆنی کوردستان چالاکییەکی لەمڕۆژەدا لە هۆڵی پێشەوا، لە هەولێر بەڕێوەبرد.
 
وەیلان کەیفی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گرووپی زۆنی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ چالاکییەکەی ئەمڕۆمان، ئیدریس نێچیرڤان بارزانیمان بانگهێشت کرد، لەبەرئەوەی بەردەوام پاڵپشتی لە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەویش بانگهێشتەکەی قبوڵكردین و تاوەکو کۆتایی چالاکییەکە لەگەڵماندا مایەوە".
 
سەرەتای چالاکییەکە بە راپۆرتێکی ڤیدیۆیی (ڤی تی) لەبارەی ئەو گەنجە لێهاتووانەی توانیویانە لە پیشەکانیاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، دەستیپێکرد، ئەو گەنجانەی لە ڤیتییەکەدا بەشدارییان کردبوو، کەسانی لێهاتوو بوون لە پیشەی جۆراوجۆر، کە توانیوبوویان سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنن.

 

 
ئەو گەنجانە سەرباری ئەوەی توانیبوویان لە بوار و پیشەکانی خۆیاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، هاوکات لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا خۆیان سەلماندووە و هانی سەرجەم گەنجانی هەرێمی کوردستانیان دا بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانیان نەوەستن و، هەرکامەیان بەپێی ئەو بوارانەی توانایان تێیدا هەیە، خۆیان پێبگەیەنن و خۆیانی تێدا بسەلمێنن.
 
لێهاتوویی و کارامەیی گەنجان
 
لە بڕگەی دووەمی چالاکییەکەدا پانێڵێک بە ناونیشانی "لێهاتوویی و کارامەیی گەنجان" بە بەشداری هیلال حامید، شارەزای بواری تەکنەلۆژیا، رەمەزان مەسعود، دەروونزان، کۆچەر ئازاد، شارەزا لە بواری پەروەردە و رەنجدەر کامەران، شارەزا لەبواری بازاڕسازی بەڕێوەچوو.
 
هیلال حامید، وەکو گەنجێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە لێهاتوویی خۆی لەبواری تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان سەلماندووە، لەو پانێڵەدا چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی گێڕایەوە و، گوتی لە ساڵی 2011 لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە پۆلی 12ـی زانستی بووە، لە بەرزاییەوە کەوتووەتە خوارەوە و دڕکەپەتکی پچڕاوە.
 
دوای ئەوەی پزیشکان هیلال بێهیوا دەکەن لەوەی جارێکی دیکە ناتوانێ لەسەر پێیەکانی رێبکات، بڕوا بەو دۆخە دەکات کە تێیکەوتووە و دەڵێت "سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی دەمزانی دێنە رێگەم، بڕیاری نەوەستانم دا و ساڵی 2012 دەرگایەکم لێ کرایەوە".
 
هیلال حامید گوتی "ساڵی 2012 لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کە سەردانی کفریی کرد، چاوم پێیکەوت و ئەو چاوپێکەوتنە هیوای رۆژێکی نوێی پێبەخشیم و چوومە نێو بواری تەکنەلۆژیاوە".
 
هاوکات کۆچەر ئازاد، کە مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە زانکۆی سەڵاحەدین، ئاماژەی بەوەدا لە مانگی ئابی ساڵی 2022 بەڕێوەبەرایەتی سەنتەرەکانی کار لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرایەوە، کاری سەرەکییان پەرەپێدانی کارامەیی قوتابییانە.
 
بەگوتەی کۆچەر ئازاد؛ "ئەو سەنتەرانە ئێستا لە هەموو زانکۆکانی حکومەت هەن و لینکیان لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ساڵانە دەیان و سەتان کەس لە رێگەی ئەو سەنتەرانەوە کار دەدۆزنەوە".
 
بڕگەی کۆتایی چالاکیی لێهاتوویی و کارامەیی گەنجان، پێشکێشکردنی چەند گۆرانییەک بوو لەلایەن گرووپێکی نوێی میوزیک کە لە شاری سلێمانییەوە بانگهێشتکرابوون، ئەو گرووپە گەنجە لەبواری میوزیکدا لێهاتوو بوون و ئەمە یەکەم دەرکەوتنیان بوو.
 
 
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتای چالاکییەکەوە لەنێو هۆڵەکە ئامادەبوو و دوای تەواوبوونی چالاکییەکەش هۆڵەکەی جێنەهێشت و لەگەڵ گەنجان و ئامادەبووانی چالاکییەکە کەوتە گفتوگۆ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.