رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە هەن. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئامادەکردنی شێڵتەری تایبەت بە سەگە بێلانەکان لە قۆناخی کۆتاییدایە و ئاماژەی بەوەشکرد، دوای خەساندنیان، سەگەکان بەرەڵڵا دەکرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 15-05-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەگە بێلانەکان لە شێلتەر راناگیرێن و دوای خەساندن و ڤاکسینکردنیان، بەرەڵڵا دەکرێنەوە.
دوای ئەوەی پەلاماردانی هاونیشتمانیان لە لایەن سەگی بێلانەوە لە هەولێر زیادیکرد، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت.
شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە؛ ئومێد خۆشناو لەوبارەوە گوتی، ''ئامادەکردنی شێڵتەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، میکانیزمی دەستگیرکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێدەکەین.''
پارێزگاری هەولێر گوتی، لە شێڵتەرەکەدا سەگە بێلانەکان لەنێونابردرێن و بەخێویش ناکرێن، بەڵکو دەخەسێندرێن، ڤاکسین دەکرێن و دوایی بەرەڵڵا دەکرێنەوە.
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، شێڵتەرەکە تەنیا بۆ راگرتنی پڕۆسەی زاوزێی سەگە بێلانەکانە و ''بابەتێکی زۆر دوورمەودا و ستراتیژییە و بەپێی کات ژمارەی ئەم سەگانە کەم دەبێتەوە.''
جگە لەو شێڵتەرە، چەند شێڵتەرێکی دیکە بۆ سەگی بێلانە هەن کە لەلایەن چەند رێکخراوێکی ئاژەڵدۆستەوە دامەزراون.
پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ کۆکردنەوەی سەگەبێلانەکان پێویستییان بە هاوکاری خەڵکە و هەڵمەتێک رادەگەیێنن بۆ ئەوەی هەر گەنجێک دەیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت.
تێچووی ئەم پڕۆژەیە بۆ حکومەت زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ