رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دەروازەی سنووریی پیشابوور لەبارەی داخستنی دەروازەکەیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "بە گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا دەڵێین، رەفتارەکانی پەیەدە وایکردووە پێداچوونەوەی قووڵ بە سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ خۆیان و ئیدارەی دەروازەکەیان بکەین."
ئیدارەی دەروازەی سنووریی پیشابوور لە روونکردنەوەیەکەیدا دەڵێت، "لە 16-01-2013 بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی دەروازەی سنووریی پێشاپوور - سێملکا کرایەوە، بۆ هاوکاری گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا و سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان؛ چەندینجار هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە گرنگە ئەو دەروازەیە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و پێویستی خەڵکەکەی بمێنێتەوە. لەگەڵ چەندین کێشەی سیاسی و تەکنیکی لەسەر کردنەوەی دەروازەکە، بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی سوور بوو بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک و گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا."
ئیدارەی دەروازەی سنووریی پیشابوور ئاماژەی بەوەکردووە، "بە ئاشکرا بە هەموو گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا و هەموو پێکهاتەکان رادەگەیێنین کە بەرگەی زۆر گوشار و هەڵەی گورچکبڕی یەکێتیی دیموکرات-مان گرت کە بەردەوامە لە سیاسەتی تۆمەتبارکردنی پووچی بێ بنەما بە کوردستان، هێڵی سووریان بەزاندووە، پیلانگێڕییەکانی دووبارە بووەتەوە، زۆر هەوڵمان دا هەڵسوکەوتیان بگۆڕن، بەردەوام رێگە و دەرگاکانیان داخستووە، تەنیا خۆیان پێ راستە، بەرگەی هەموو شتێکمان گرت لە پێناوی گەلەکەمان، بەڵکو گەیشتە ئاستێک کە ناتوانین قبووڵ و بەرگەی بگرین."
دەروازەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "بە گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا دەڵێین، ئەو کۆمەڵە رەفتارانە وایکردووە پێداچوونەوەی قووڵ بە سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی دیموکرات و ئیدارەی دەروازەکە بکەین، مافی گەلە ئەو رەفتارانە زیاتر قبووڵ نەکەن، هەڵوێستی ئێمەیان لەبەرچاو بێت، ئێمەش بەڵێن دەدەین بەپێی توانا لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین تاوەکو زیان بە گەلەکەمان نەگات."
دەروازەی پیشابوور جەخت لەوە دەکاتەوە: پێویستە لەسەر یەکێتیی دیموکرات واز لە دروشمی درۆ و ساختە بهێنێت کە کەس باوەڕی پێناکات، "ئەوان بەردەوامن لە سیاسەتی دیکتاتۆری و سەرکوتکاری، نیشتەجێبوونی ناچاریی تاکە بژاردەیە لەبەردەم گەلەکەمان، بۆیە پێویستە داوای لێبووردن بکەن، چونکە ناتوانین هەر سەیری ستەم و دیکتاتۆری و جموجۆڵە نا کوردانە و مرۆڤانەکانیان بکەین و لەگەڵیان هاوبەش بین، پێویستە دەروازەکە لە خزمەتی هەمووان بمێنێتەوە نەک تەنیا لە خزمەت یەک پارت بێت و دووربێت لە دەستوەردانی سیاسی بە شێوەیەکی کردار و واقعی، نەک درووشم."
دەشڵێت، "دوو ساڵە هاوپەیمانەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لایەنی ئەمریکی بە دیاریکراوی ئاگاداری پێشلکارییەکانی یەکێتیی دیموکراتن، هەوڵیانداوە هەڵسوکەوتەکانیان بگۆڕن و سنوورێک بۆ پێشلکارییەکانیان دابنێن، بەڵام ئەمانە سوورن لەسەر رەفتارەکانیان و پاشەکشەی لێناکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ